هونەرمەندێکی کورد گەورەترین قورئانی دەستنووسی نووسییەوە

خۆشنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی ماوەی شەش ساڵە سەرقاڵی نووسینەوەی گەورەترین قورئانی دەستنووسە و ئێستا کارەکانی کۆتایی هاتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هونەرمەند عەلی زەمان لەدایکبووی شاری سلێمانییە، لە منداڵییەوە خولیای خۆشنووسی هەبووە، پیشەی سەرەکیی زێڕەنگەرییە بەڵام لە ساڵی ۲۰۱۳ـەدا دەستی بە خۆشنووسی کردووە و لە ساڵی ۲۰۱۷ـەوە چووەتە ئیستەنبووڵ و خۆی بۆ ئەم پیشەیە تەرخان کردووە.

عەلی زەمان شەش ساڵ کاری بۆ نووسینەوەی پەڕەکانی گەورەترین قورئانی دەستنووس کردووە، بە قامیشی نەریتی نووسراوەتەوە و شێوازی نووسینەکەی بە سولس ناسراوە کە یەکێکە لە شێوازەکانی خۆشنووسی عەرەبی.

درێژی هەر پەڕەیەک سێ مەترە، بۆ نووسینەوەی سوود لە ئامێرە پێشکەوتوو و مۆدێرنەکان وەرنەگیراوە.

بەدرێژایی ئەو شەش ساڵە زەمان تەنها لەکاتی نوێژ و نان خواردن و خەوتندا ژوورەکەی بەجێهێشتووە، کاتەکانی دیکەی بەتەواوەتی بۆ نووسینەوەکە تەرخان کردووە.

ئەم پڕۆژەیەشی لەسەر بوودجەی خۆی کردووە و هەرچەندە بۆماوەیەک دۆخی تەندروستی تێکچووە بەڵام ئەوە رێگر نەبووە لەبەردەمیدا و درێژەی بە کارەکەی داوە.

ئەم قورئانە تەواوکراوە، قەبارەکەی لە گەورەترین دەستنووسی نووسراو تاوەکو ئێستا گەورەترە، کە قەبارەکەی ۲.۲۸ مەتر بە ۱.۵۵ مەتر بوو. خێزانەکەی پلانیان هەیە بە وردی پارێزگاری لەم دەستنووسە بکەن و هیوادارن لە تورکیا بمێنێتەوە، وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ نەریتی مێژوویی خۆشنووسی لەم وڵاتەدا.

News ID 226383

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha