بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خورشید هەرکی، بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "کێشەکەمان کە کێشەی زەوی و زار و موڵکایەتی بوو، ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی یاسا بووین، بەڵام سستی پێوە دیار بوو. سوپاس بۆ خودا، دواتر جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسروور بارزانی هاتنە سەر خەت و بە هیمەتی هەموو لایەک کێشەکە چارەسەر بوو".
خورشید هەرکی ئاماژەی بەوەشکرد کە جارێکی دیکە لە ناوخۆی کوردستان چەک هەڵناگرێت و وتی: "ئەگەر رووبەڕووبوونەوەیەک ڕووبدات، ئینشائەڵڵا ڕوونادات، ئەوا لە دژی دوژمنی خاک و وڵات دەبێت، نەک لە ناوخۆی کوردستان".
سەبارەت بەو پۆستەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردبووەوە کە وازی لە پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوە و بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندووە، خورشید هەرکی ڕوونی کردەوە: "کاتێک پۆستم کرد، سستی بە چارەسەرکردنی کێشەکەوە دیار بوو. ئێمە دەمانویست زوو کۆتایی پێبێت و نەبێتە کێشەیەکی گەورەتر. کێشەکە تەنیا هی من نەبوو، بەڵکو کێشەی گشتیی عەشیرەتی هەرکی بوو".
خورشید هەرکی وتی: "سەرۆک بارزانی دەقە بە دەقە و خاڵ بە خاڵ کێشەکەی چارەسەر کردووە." باسی رۆڵی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا کرد و گوتی: "دوێنێ جەنابی سەرۆکی حکوومەت، کاک مەسروور بارزانی، خاڵە هەستیارەکانی بەخۆی چارەسەر کرد، بۆیە زۆر سوپاسی دەکەم." لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئێستا بێلایەنە، وتی، "نەخێر، من کێشەکەم ئەو بابەتە بوو. هەر فیدایی سەرۆک بارزانیم و بۆ پارتیش دەمێنمەوە".
ئەو کەسایەتییەی هۆزی هەرکی رەتیکردەوە کە لە کاتی نیگەرانییەکەیدا وێنەی سەرکردەکانی پارتی لە دیوەخانەکەی لابردبێت و گوتی، "وێنەی بارزانیی نەمری رەمزی نەتەوەیی، وێنەی کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، وێنەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە هیوای ئاشتی و برایەتییە، هەروەها وێنەی کاک مەسرور بارزانیش لە دیوەخانەکەم دانراون و لام نەبردوون".
خورشید هەرکی سوپاسی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، لیوا بارزان قەساب و لیوا شەریف بێدۆدی کرد بۆ رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا. لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە گوتی، "کاک قوباد پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی کێشەکە نابێت گەورە بێت و کوردستان ناشرین دەکات. پێیگوتم کە لەسەر هێڵە لەگەڵ کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. بەڕاستی هەڵوێستێکی زۆر جوانی هەبوو".
سەبارەت بە سەردانی عەلی حەمەساڵح، سەرلیستی فڕاکسیۆنی هەڵوێست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خورشید هەرکی گوتی، "ماڵی ئێمە لە باب و باپیرانەوە دیوەخانی هەبووە و رێز لە هەموو کەسێک دەگرین. کاک عەلی بۆ ئەحواڵپرسین هاتبوو دوای رووداوەکان و هیچ باسی هەڵبژاردن و دەنگدانی نەکرد".
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ هۆزی گۆران، هەرکی رایگەیاند کە ئامادەن بۆ ئاشتەوایی و گوتی: "من خۆم داپیرم گۆرانە و خوشکەزای گۆرانەکانم. ئێمە هەموومان براین. کێشەکە بەهۆی دەستێوەردانی لایەنێکی دیکەوە گەورە بوو. ئێستا کە کێشەکە چارەسەر بووە، ئاشتەوایی رادەگەیەنین و دوای هەڵبژاردن بەپێی یاسا سنوورەکان دیاری دەکرێن".
خورشید هەرکی ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەکانەوە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی نەکردووە، بەڵام وتی: "ئینشائەڵڵا بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بەشدار دەبین." وتیشی: "هۆزی هەرکی هەمیشە لە شۆڕش و قوربانیداندا یەکەم بووە و ئامادەین هەموومان بمرین لەپێناو سەرکەوتنی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان".
Your Comment