بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ"، لەزاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاوی کردوەتەوە، ئەنقەرە بەنیازە کەرەستەی سەربازی بۆ سووریا دابین بکات و رێککەوتنێک ئەنجام بدات کە ڕێگەی پێبدات، ئەو چەکدارە کوردانە بکاتە ئامانج کە بەدرێژایی سنووری سووریا ئامادەییان هەیە.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکە خۆی لە دابین کردنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپهاوێژ، مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا دەبینێتەوە، کە ئەو کەرەستانە لە باکووری سووریا جێگیر دەکرێت بۆ خۆبەدوور گرتن لە ئاڵۆزی لەگەڵ ئیسرائیل لە باشووری رۆژئاوای سووریا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، ئەو هاوکارییە سەربازییەی تورکیا پلانی بۆ داناوە، مەبەست لێی پاڵپشتی ئەحمەد شەرعە، کە لە هەوڵی یەکخستنی وڵاتەکەیە لەژێر سەرکردایەتی خۆیدا و پێشبینی دەکرێت ئەو هاوکارییە سەربازییانە یارمەتی شەرع بدات بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل زۆرینەی جبەخانەی سەربازی سووریای ڕاستەوخۆ دوای روخانی رژێمی ئەسەد لەناوبرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە ئاماژە بە نیگەرانییەکانی ئەنقەرەش دەکات سەبارەت بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە هاوسنورە لەگەڵ تورکیا و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دايە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و گروپێکی کاریگەر لەناو ئەو هێزەیە، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە ، پەیوەستە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
بەوتەی بەرپرسانی تورکیا، ئەنقەرە و دیمەشق تاوتوێی فراوانکردنی ئەو رێککەوتنێکە ئەمنییانکردوە کە نزیکەی سێ دەیەیە ئەنجامیانداوە و رێگە بە تورکیا دەدات بۆ هێرشکردنە سەر ئەو چەکدارە کوردانەی کە لە نزیک سنوورەکانن، تورکیا دەیەوێت ناوچەی رێگەپێدراو لە پێنج کیلۆمەتری ئێستا بۆ ۳۰ کیلۆمەتر درێژ بکاتەوە.
بە گوێرەی پێگە ئەمریکیەکە، تورکیا پشت بە شەرع دەبەستێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داواکارییەکانی کورد لەبارەی ئۆتۆنۆمی زیاتر، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سەر سنوور. هەروەها دەیەوێت سەرۆکی سووریا دەستڕاگەیشتنی هەسەدە بە کێڵگەکانی نەوت و غاز سنووردار بکات، بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی گواستنەوەی پارە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.
Your Comment