بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی ڕایگەیاند: "لە مانگی (ئەیلول/۹)ـدا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجام نەداوە، ئەوەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ۲۰۱۵ـەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتوە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنووری قەزای ئامێدی و وێران کردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.
ئەوەشی خستەڕوو، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە ۱ـی (ئادار/۳) تاوەکو ۳۰ـی (حوزەیران/۶)، سوپای تورکیا، هەزار و ۳۹۰ هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابو. ئەوە لە کاتێکدا، لە ۱ـی (تەموز/۷)ـەوە تاوەکو ۳۰ی (ئەیلول/۹)، سوپای تورکیا تەنیا ۳۴ هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
CPT باسی لەوەش كردووە، سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان. گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە مانگی (ئاب/۸)ـدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
ڕێکخراوەکە دەشڵیت: "پڕۆسەی ئاشتی بوەتە مایەی ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژمونی سەربازی هەردوولا، بوەتە هۆی لاوازبونی پڕۆسەکە و هەستیار بونی دۆخەکە. ئەمەش وایکردوە، کە تاوەکوو ئێستا گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو گوند و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بمێنێتەوە".
Your Comment