بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فۆزا یووسف لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێمان وایە گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەموو سووریا دەبێت، چوونکە بوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە سوپای سووریادا ڕێگە دەدات ئەم سوپایە خزمەتی هەموو ناوچەکانی سووریا بکات، و دەبێتە سوپایەک بۆ هەموو گەلی سووریا، نەک بۆ چینێک یان پێکهاتە یان نەتەوەیەک".
هەروەها فۆزا یووسف دەڵێت، هەندێک پرس پێویستییان بە هاوکاریی نێوان هەردوولایە بۆ ڕێگری کردن لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی و دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنی یەکگرتوو پێویستی بە هەماهەنگییەکی وردی نێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا هەیە.
ناوبراو دەشڵێت: هێرشەکانی چەکدارانی حکوومەتی کاتی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، وەک ئامرازێکی فشار ئەنجامدران، کە تێیدا ڕێگاکانی هاتووچۆ بۆ ئەو دوو گەڕەکە داخران و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە.
فۆزا یوسف لەبارەی ڕۆڵی تورکیاوە دەڵێت: "ئەنقەرە ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕێت و ڕێگری دەکات لە دیالۆگی ناوخۆیی سووریا". هەروەها ناوبراو بەستنەوەی پرسی کوردی لە کوردستانی تورکیا بە دۆخی کورد لە سووریا بە هەڵەیەکی ستراتیژی دەزانێت.
Your Comment