بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەناز عوسمان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: حیزب لە ڕێگەی پارە و چاپکردنی ۲۵۵ فلێکسی قەبارە جیاوازەوە هاوکاریی کردوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەربژێرەکەی پارتی ڕوونیکردەوە، تائێستا بڕی ۱۰ ملیۆن دیناریان پێدراوە و بڕیاریشە لە داهاتوودا ۱۰ ملیۆن دیناری دیکەیشان پێبدرێت تاوەکو بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوە ببەن.
هەرچی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، کۆی بڕی ئەو پارەیەی نەگوتووە کە بە بەربژێرانی دەدات. بەربژێرێکی یەکێتی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: حیزب بە پارە و چاپکردنی فلێکس هاوکاریی بەربژێران دەکات.
بە گوتەی بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاوەکوو ئێستا وەک بەشی یەکەم بڕی ۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار دیناریان بۆ بانگەشە وەرگرتووە. بڕیارە هەموو ۱۰ ڕۆژ جارێک بە هەمان بڕ پارەیان بۆ خەرج بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو پارتی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین میدیای فەرمی و نافەرمین، بانگەشەکردن بۆ بەربژێران لە میدیاکانەوە بەشێکی دیکەی ئەو هاوکارییانەن کە دوو پارتەکە بە بەربژێرانیانی دەدەن.
Your Comment