پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە

کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کوردستان۲۴ی ڕاگەیاندووە: لە هەردوو دیوی ئەم سنوورە، دوو نەتەوە ناژین، بەڵکوو یەک نەتەوەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر پەرەبستێنێت.

کونسوڵی گشتیی ئێران گوتی: خەڵکی هەردوو دیوی ئەم سنوورە پەیوەندی خزمایەتییان هەیە، لە بەباتە سیاسییەکانیشدا ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

ناوبراو دەڵێت: وەک دەزانن لە کاروباری سیاسییدا کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکەن و باڵاترین بەرپرسی سیاسی و بەڕێوەبەریی ئێران کە سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیانە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ خۆی دەری دەبڕێت کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە چ ئاستێکدایە.

هەروەها کونسوڵی گشتیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ئێران لە کاتی جەنگی ۱۲ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا سێ چاوەڕوانی لە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبوو کە هەرسێ چاوەڕوانییەکەی بە ئەرێنی جێبەجێ کران.

فەرامەرز ئەسەدی وتیشی: چاوەڕوانیمان لە هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و برا و هاوپەیمانی ئێمە ئەوەبوو، لە ۱۲ ڕۆژی جەنگدا نەبێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر بە ڕاستگۆییەوە باسی بکەین، ئەمە بە تەواوی لەبەرچاوگیرا و مافی دراوسێیەتیان بە تەواوی جێبەجێ کرد.

News ID 226232

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha