بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە هەڤپەیڤینێکدا، کە لە دووەم ڕۆژی دیداری میری لەگەڵی کرا ڕایگەیاند: "هەر کۆمەڵگەیەک رای جیاواز و رای رەخنەگری تێدا نەبێت، واتای ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی مردوو یان سەرکوتکراوە، یان ئەوەتا کۆمەڵگەکە خۆی زیندووێتی تێدا نییە. هەرێمی کوردستان".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێکە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، عەلی باپیر لە بارەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ئۆپۆزیسیۆن کاریگەری هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات".
بە بڕوای عەلی باپیر ئۆپۆزیسیۆن "کەموکوڕی" هەیە، و دەڵێت: "یەکێک لە کەموکوڕییەکانی پەرش و بڵاوییەتی، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان خاوەنی بیروڕای خۆیان نین".
دەشڵێت، بەشێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان "دروستکراون"، گوتیشی، "هەندێکیان وەکو کۆلارە هەڵیانداوە، هەرکاتێک ئیشیان پێی نەما دەینیشێننەوە".
هەر سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن، عەلی باپیر گوتی: "بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەن کە داخراون، هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە هەوڵ دەدرێت دەستەمۆ بکرێن و کەسایەتییەکانیان بکڕن".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی رەخنەی لە هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت و گوتی: "خەڵکی هەبوون بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسەیان کردووە و دوایی دەرچووە کە وانەبووە".
بە بڕوای عەلی باپیر، "ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا تەوژمە، ئەو نووسەر و رەخنەگرانەی کە قسە دەکەن ئەوانەش بەشێکن لە ئۆپۆزیسیۆن".
عەلی باپیر پێیوایە بەهێزبوونی حیزبەکانی دەسەڵات بەهۆی هەندێک لە کاریگەرییە هەرێمییەکانە و نموونە بە تورکیا و ئێران دەهێنێتەوە، کە بە گوتەی ئەو، "پشتگیری ئەو حیزبانە دەکەن کە هاوسنووری خۆیانن، چونکە بەرژەوەندیی ئابووری و ئەمنییان لەگەڵیاندا هەیە".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "ئێمە دووجار کشاوینەتەوە، جارێک لە پەرلەمان لە خولی رابردوو، لەبەرئەوەی بەڵگەمان هەبوو هەڵبژاردنی رابردوو دیزاین کراوبوو. سێ کورسیمان پێدرابوو، لەکاتێکدا پێمانوابوو نزیکەی هەشت بۆ ۱۰ کورسی بەدەستبهێنین".
گوتیشی، "لە کابینەی پێشووتری حکوومەت کشاینەوە، چونکە خەڵک خۆپێشاندانی دەکرد و مووچەی خەڵک نەدەدرا، ئێمەش وەکو بەدەنگەوە هاتنێک بۆ خەڵکی، کشاینەوە".
پاساو بۆ بایکۆتەکەیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئێمە پێمانوانییە ئەگەر هیچت پێنەکرێت هەر لە پەرلەماندا بمێنیتەوە، دەبێت پێوەرەکە ئەوەبێت کە پەرلەمان و دامەزراوەکان تاوەکو چەند لە خزمەتی خەڵکدایە".
Your Comment