بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: لەم کاتەدا کە قسەی تێدا دەکەن، کومەڵکوژی بەردەوامە و گوتی: "ژمارەی ئەو سڤیلانەی لە غەززە کوژراون ۶۵ هەزاری تێپەڕاندووە. هێشتا نازانرێ چەند تەرم لە ژێر داروپەردوو ماون. زیاتر لە ۲۰ هەزار لەوانەی کوژراون منداڵن. لە ماوەی ۲۳ مانگی رابردوودا، لە هەر کاژێرێکدا منداڵێک بە دڕندەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. هاوڕێیان ئەمە ژمارە نییە، بەڵکو هەر یەکێکیان گیانێکە و مرۆڤێکی بێتاوانە".
ئەردۆغان لەبارەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی غەززە قسەی کرد و گوتی: "ئیسرائیل ئێستا تەنیا لەڕێی چەکەوە خەڵک ناکوژێ، بەڵکوو چەکی برسیکردنیش لە دژی ئەو خەڵکە بەکاردەهێنێت. لە سەدەی ۲۱دا ۴۲۸ کەس لە برسان مردوون کە ۱۴۶یان منداڵ بوون. ژمارەکەش رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەکات".
سەرۆککۆماری تورکیا وێنەیەکی نێو غەززەی بەرزکردەوە کە کۆمەڵێک ژن بۆ دەستکەوتنی ئاو وەستابوون. ئەردۆغان پرسیاری کرد: "بە ویژدانەوە وەڵام بدەنەوە! ئایا ئەمە هیچ هۆکارێکی گونجاوی هەیە؟ ئەم تابلۆ پڕ لە شەرمەزارییە ۲۳ مانگە دووبارە دەبێتەوە. دوو ملیۆن و نیو غەززەیی کە لە سەر ڕووبەری ۳۶۵ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەژین، هەموو رۆژێک دەربەدەر و ناچار بە کۆچ بۆ ناوچەیەکی دیکە دەکرێن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر باسی لە کاریگەرییەکانی جەنگەکە بەتایبەتی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کرد و گوتی، ژێرخانی تەندروستیی غەززە بە تەواوی خاپوور بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە بە جۆرێكە پزیشکەکان "ناتوانن چارەسەری برینداران بکەن؛ ناتوانن نەشتەرگەرییان بۆ بکەن؛ ناتوانن چارەسەر بدۆزنەوە".
ئەردۆغان رەتیکردەوە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات لەگەڵ سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگونجێ و گوتی: "ئەمڕۆ غەززە بە بیانووی حەماس لەنێودەبردرێ، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو زیاتر کەرتی ڕۆژئاوا داگیر دەکات. ئیسرائیل بە غەززە و کەرتی ڕۆژئاواوە ناوەستێت و بە هێرشکردنە سەر سووریا، ئێران، یەمەن و لوبنان، هەڕەشە لە ئاشتیی ناوچەکە دەکات. دوایین جار لە قەتەر و لەو کاتەی کۆبوونەوە بۆ ئاگربەست دەکرا، ئیسرائیل هێرشی کرد. ئەو هێرشەی سەر قەتەر نیشانی دەدات کە حکوومەتی ئیسرائیل بە تەواوی کۆنترۆڵی لەدەستداوە. هەروەها ڕوون دیارە کە نەتەنیاهوو نیازی ئاشتی نییە و نایەوێ بارمتەکان ڕزگار بکرێن. نەوەک هەر وڵاتانی دراوسێ، تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووبەڕووی هەڕەشە بێ پەرواکانی ئیسرائیل دەبنەوە".
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەردۆغان گوتی: "ئەو وڵاتانەی بەرامبەر ئەو دڕندەییە بێدەنگن، لە بەرپرسیاریەتیی ئەو تاوانە هاوبەشن. لێرەوە رووی دەمم دەکەمە سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکان و پێیان دەڵێم، ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە لەپێناوی مرۆڤایەتی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەین. لەکاتێکدا گەلانتان دژی ئەو دڕندەییەی سەر غەززە خۆپێشاندان دەکەن و کاردانەوەیان هەیە، ئێوەش هەنگاو بە هەنگاو ئازایەتیتان نیشان بدەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان وەبیریهێنایەوە کە ۱۳ ساڵ لەمەوبەر لە هەمان سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵکی سووریا نیشانداوە و گوتی: "ئەو ستەمەی بووە هۆی کوژرانی ملیۆنێک و دەربەدەرکردنی ملیۆنان کەس، رۆژی ۸ی کانوونی یەکەم بووە مێژوو. برا سوورییەکانمان رۆژی ۸ی کانوونی یەکەم دەرگای سەردەمێکی نوێیان کردەوە. گەلی سووریا کە تێکۆشانیان بەرامبەر رژێمێکی دەست سوور کرد و بردیانەوە، لەو باوەڕەدام ئەو سەرکەوتنەی بە قوربانییەوە بەدەستیان هێناوە، بە مەنزڵی دەگەیێنن. بە تەواوی توانامانەوە پشتیوانیی سووریایەک دەکەین کە تێیدا هیچ جۆرێکی تیرۆر و لە سەرووی هەموویانەوە داعشی تێدا نەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق، بۆ سەلامەتیی ناوچەکەمان زۆر گرنگە و رایگەیاند، بە بایەخەوە لە ستراتیجیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەڕوانن.
ئەردۆغان هیواشی خواست چیی زووە بابەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەڕێی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێ و جەختیکردەوە کە ناوچەکە توانای ڕووبەرڕووبوونەوەی قەیرانێکی دیکەی نییە.
Your Comment