هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو شاری عەفرین کشانەوە

هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو شاری عەفرین کشاونەتەوە و باڵەخانە و دامەزراوەکانیان چۆڵ کردوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی عەفرین کە سەر بە حکوومەتی نوێی سووریایە ڕاگەیاندووە: سەرجەم بنکەکانی سوپای تورکیا لەنێو شاری عەفرین چۆڵکراون.

هەروەها سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی عەفرین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە ئەو شوێنانە ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە.

بەڵام سوپای تورکیا لە دەرەوەی شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی هەیە. بنکەکان لە ۳ تاوەکوو ۴ گوند دان و ئەوەش لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان و خاکی سووریادایە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیەتی.

تورکیا پێش کشانەوەی لە عەفرین، ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازی و هەواڵگری و کارگێڕی هەبوو، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا چۆڵ کراون.

دوو لەو شوێنانەی چۆڵکراون بریتین لە قوتابخانەکانی ئەزهاری عەفرین و فەیسەڵ قەدوور.

قوتابخانەی ئەزهەری عەفرین قوتابخانەیەکی تایبەتە و خاوەنەکەی عەدنان ڕەحیمە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕادەستی بکرێتەوە.

لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۸دا تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و لە ۱۸-۳-۲۰۱۸دا شاری عەفرین داگیرکرا.

News ID 226108

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha