بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا فوئاد حوسێن و هاکان فیدان گفتوگۆیان سەبارەت بە دۆسیەی ئاو و گرنگیی بەردانەوەی رێژەی پێویست لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق کردووە. ئەم پرسە یەکێکە لە کێشە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاندووە: هەردوو وەزیر باسیان لە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوایین پێشهاتەکانی ئەو پرسە کرد. هەروەها، دۆخی سووریا و گرنگیی سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، لەگەڵ هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ تێکدانی ئاسایشی سووریا، تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون.
وەزارەتەکە ئاشکراشی کردووە: سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، فوئاد حوسێن دڵنیایی بە وەزیری دەرەوەی تورکیا داوە و رایگەیاندووە، کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و ئامادەکارییەکان بە باشی دەڕۆن.
هەروەها، هەردوو وەزیری دەرەوە سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلیان بۆ سەر قەتەڕ کرد و جەختیان لە پشتیوانی کردنی ئەو وڵاتە کردەوە.
Your Comment