بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی و برا و هاوڕێکانی، لە نامەیەکدا کە لەژێر ناونیشانی "جەختکردنەوەدا" ئاراستەی دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایشیان کردوە وتوویانە: "مەعقوول نییە دوای ۲۰ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی بریگرتەکانمان، نەزانین ئیفادە و وتەکانیان چییە و کێ سکاڵاکارە لەدۆسیەکەدا".
ئهو نووسراوەی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی ئەوە دەردەخات، تائێستا کەسی سکاڵاکار نادیارە و نازانرێت کێ سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون.
کۆتا داواکاریی تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی بۆ دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش کە وێنەیەکی ئاراستەی هەریەک لەدەستەی مافی مرۆڤ و سەرۆکی دادگای ئیستیئنافی سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و داواکاری گشتیی هەولێر و سلێمانی کراوە و لە ڕۆژی ۸ى ئهم مانگه نووسراوە، واژۆی ۱۱ پارێزەری پێوەیە، ئاماژەی بەوەکردووە، بهگوێرهى یاسا مافی تۆمەتبارە کە لەدوای ۲۴ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی تەواوی وردەکاری دۆسیەکەی پێ بوترێت و ڕێگەبدرێت پارێزەرەکەشی ئەگەر یەک کەس بێت یان تیم بێت، وردەکاریی دۆسیەکەی بخرێتە بەردەست کە تۆمەتبار بە چ مادەیەک دەستگیرکراوەو کێ سکاڵاکارە و تۆمەتەکەی چییە.
تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی لەبارەی ئەوەی کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دۆسیەکە پێنەدراوە باس لەوەدەکەن، شاردنەوەی زانیاریەکانی دۆسیەکە لەوان لەکاتێکدایە کە کەناڵێکی حزبی، تەواوی کارئاسانی بۆ کراوە کە زانیاریی بگوازێتەوەو دانپێدانان بڵاوبکاتەوە کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە دادەنێت.
تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی لە نووسراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردوە، بەگوێرهى مادەی ۱۷ لەیاسای ساڵى ۱۹۹۹ تیمی پارێزەران مافی ئەوەیان هەیە بریگرتەیان ببینن و وردەکاریی دۆسیەکەیان بخرێتە بەردەم کەسی سکاڵاکار و تۆمەت و مادەی فەرمانی گرتنەکەیان بۆ ئاشکرا بکرێت نەک وەک ئەوان وتویانە ئەوەی لە میدیا و کەناڵی حزبییەوە وردەکاریی بەشێک لە دۆسیەکە ئاشکرا بکرێت بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و کاریگەریی دروستکردن لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە.
تیمی پارێزەرانی ئاشکراشی دەکەن: دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش نە وەڵامی داواکاریەکەی تیمی پارێزەرانی داوەتەوە نە ڕێگەیداوە ئیفادە و دۆسیەکەی لاهوور شێخ جەنگی پیشانی هیچکام لە پارێزەرەکانی بدرێت.
Your Comment