بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فالح فەیاز، لە چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: حەشدی شەعبی نایەوێت ئەزموونی سوپای پاسداران لە عێراق دووبارە بکاتەوە، حەشد پێکهاتەیێکی نیشتمانییە بۆ هەموو عێراقییەکان، هەوڵیشمان داوە هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە، جگە لە برایانمان لە هەرێمی کوردستان، کە ئامادە نەبوون بەشداری بکەن، بەوپێیەی پێکهاتەیێکی هاوتەریبیان هەیە، ئەویش پێشمەرگەیە، کە تایبەتە بە دۆخی کورد، ئێمە رێز لەوە دەگرین و پێشمەرگە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی بەرگریی نیشتمانی عێراق دەزانین.
لەلایەکی ترەوە، گابرێل سۆما، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداریی دا لەوەی سزای توندی ئەمریکا چاوەڕێی عێراق دەکات، ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکرێت.
سۆما، ئاماژەی بەوەش کردووە: هەندێک لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی پشتیوانی لە ئێران وەردەگرن، عێراقیش لە ئامادەبوونی سوپادا پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە.
وتیشی: جۆ بایدن سەرۆکی پێشوی ئەمریکا چاوپۆشی لە هەژمونی ئێران لە عێراقدا کردبوو، بەڵام ترەمپ جیاوازە، جەختیشی کرد: بەشێکی زۆر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی فەرمانەکانیان لە ئێران وەردەگرن.
لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگەش، ناوبراو وتی: پێشمەرگە وەلائیان بۆ عێراقە، هەرچەندە هاوکاری لە ئەمریکاشەوە وەردەگرن.
ڕاشیگەیاند: واشنتۆن ڕێگە بە پەسەندکردنی یاسای حەشدی نادات، ئەمە قسەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە و ترەمپ سزای توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکرێت.
Your Comment