بەرهەمهێنانی دانەغاز لە هەرێمی کوردستان بەرێژەی ۵۰% زیاد دەکات

كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمهێنان لە کێڵگەی كۆرمۆر لە ڕۆژێکدا ۵۰۰ ملیۆن پێی سێجا غازی تێپەڕاندووە و كاركردن لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە بەردەوامە كە بە كەوتنە كاری پرۆژەكە، بەرهەمهێنان بەرێژەی ۵۰% زیاد دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، داهاتی کۆمپانیاكە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە ۱۷۱ ملیۆن دۆلار، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە كە ۱۹۰ ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارەکەشی دابەزینی نرخی فرۆشتن و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بووە لە میسر، کە لەبەرامبەردا بەشێوەیەکی کەم بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و باشتربوونی نرخەکان لە میسر قەرەبوو کرایەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی "كۆرمۆر" لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۵دا لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوام بوو، و بەرهەمی  ڕۆژانە زیاتر لە ۵۰۰ ملیۆن پێ سێجا غازی تێپەڕاند. لە مانگی (نیسان/۴)ـدا، کۆمپانیا کاری چاکسازیی خولیی پلان بۆ داڕێژراوی لە دامەزراوەی "كۆرمۆر" ئەنجامدا، کە بووە هۆی کەمبوونەوەیێکی کاتی لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان لە چارەکی دوەمی ساڵدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، چاكسازییەكانی كۆرمۆر پێویست بوون بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاستەکانی متمانەپێکراوی و سەلامەتیی کارپێکردنی دامەزراوەکە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، و کۆمپانیا سەرکەوتوو بوو لە تەواوکردنیان پێش وادەی دیاریکراو، و دواتر بەرهەمهێنان گەڕایەوە ئاستە ئاساییەکانی خۆی.

ئەوەشیخستەڕوو، کارکردن لە پڕۆژەی فراوان کردنی "كۆرمۆر ۲۵۰" بەردەوامە، کە کۆمپانیا و هاوبەشەکانی ڕێبازێکیان گرتەبەر، کە یارمەتیدەر بوو لە خێراکردنی خشتەی کاتیی تەواوکردنی پڕۆژەکە. کاتێک دەکەوێتە کار، پڕۆژەکە ۲۵۰ ملیۆن پێ سێجا گازی ڕۆژانە دەخاتە سەر توانای بەرهەمهێنان، کە کۆی بەرهەمی "پێرل پێترۆلیۆم" بە ڕێژەی ۵۰% بەرز دەکاتەوە، و بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی شلەی نەختینەیی و ئاستەکانی بەرهەمهێنانی "دانە غاز".

لەبارەی كێڵگەی چەمچەماڵیشەوە دەڵێت، لە کێڵگەی "چەمچەماڵ"، چالاکییەکانی پەرەپێدان بەردەوامن لە چوارچێوەی پرۆگرامی وەبەرهێنان کە بەهاکەی ۱۶۰ ملیۆن دۆلارە و کۆمپانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاندبو. لە ئێستادا کاری هەڵکەندن و ئامادەکردنی شوێنی تایبەت بە یەکەی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی فراوانکراو ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بەرهەمی پێشوەختە کە دەگاتە ۷۵ ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا.

لەبارەی داهاتی نەختینەیی كۆمپانیاكەوە، داناغاز دەڵێت، کۆی گشتی ئەو پارانەی کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۵ـدا وەریگرتووە، نزیکەی ۱۲۰ ملیۆن دۆلار بووە، کە ۱۰۳ ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ۱۷ ملیۆن دۆلار لە میسر بووە. هەروەها پشکی "دانەغاز" لە شایستە داراییەکانی لای هەرێمی کوردستان ۷۱ ملیۆن دۆلار بووە.

News ID 225893

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha