بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتنە تاران. بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبای عێراق، "وەزیری کارەبا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسی هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق تاوتوێ دەکات".
عادل کەریم، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "سەردانی وەزیری کارەبا بۆ ئەوەیە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بکات بۆ ئەوەی بە گوێرەی توانایان پابەندبن بە ناردنی ئەو بڕە گازەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە".
پێشتر عێراق و ئێران گرێبەستێکیان واژۆ کردبوو کە بەپێی ئەو گرێبەستە، ئێران رۆژانە نزیکەی ۵۵ ملیۆن مەتری سێجا گازی سرووشتیی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دابین دەکات.
بەڵام ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە هەناردەکردنی ئەو بڕە گازە لەلایەن ئێرانەوە کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتەهۆی لەکارکەوتنی ژمارەیەک وێستگە و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لەبەشێکی زۆری پارێزگاکاندا".
بە وتەی عادل کەریم، "ئێستا ئێران ڕۆژانە نزیکەی ۳۰ ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات".
لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، راوێژکارەکەی سوودانی وتی: "ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا ۲۶ بۆ ۲۷ هەزار مێگاواتە و نزیکەی ۲۵ هەزار مێگاوات کورتهێنانمانمان هەیە، چوونکە خواستێکی زۆر لەسەر کارەبا هەیە".
Your Comment