بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "غەززەییەکان بە ژن و پیاو و منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم ڕۆژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و بەرپرسانی وڵاتانی موسڵماننشینیش تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن".
لە درێژەی پەیامەکەیدا باپیر دەڵێت: داوا لە هەر موسڵمانێکی جوامێر و ڕەسەن و هەر مرۆڤێکی بە جەوهەر و غیرەتدار دەکەم، لە کوردستان دا، چی پێ دەکرێ بۆ مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەلەستین بە گشتی درێغیی نەکەن و زۆریش وریابن لە ڕێچکەی لار و لادەر و بیرۆکە ژەهراوییەکانی ڕەبیع مەدخەلیی و شوێنکەوتوانی لاساییکەرەوەی کوێرانەی".
جەختیش لەوەدەکاتەوە: "بێگومانیش موسڵمانە مەرد و ئازا و فیداکارەکانی غەززە و فەلەستین، دەرووی خێریان هەر لێ دەکرێتەوە و قەوارەی زایۆنییش هەر لەبەر یەک هەڵدەوەشێ و ئەوکاتەش بەرگریی لێکارانی غەززەیی و فەلەستینییەکان، شاد و سەربەرز و پشت بەردەرە بێ هەڵوێستە وابەستە و دابەستەکانی حوکمڕانە بڵح و گوێ لە مستەکانی زلهێزان و قەوارەی زایۆنییش، جگە لە سڕینی ئارەقەی شەرمەزاریی هیچیان بۆ نامێنێتەوە".
Your Comment