بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە بەغدا لە نیوان هێزێکی حەشدی شەعبی و هێزەئەمنییەکانی عێراقدا شەڕ دروست بوو، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێگدا، بڵاویکردەوە: ''حەشدی شەعبی چاوپۆشی ناكات لە هیچ تاکێک فەرمانەکان یان رێکارە ئەمنییەکان پیادەكراوەكان پێشێل بکات".
ئاماژە بەوەش کراوە: حەشدی شەعبی بۆ ئەوە هاتووە قەڵغانێک بێت بۆ نیشتمان و درێژکراوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمیەكانە، لەژێر چەتری دەوڵەت و سەرکردایەتی شەرعیدا کاردەكات و هەر کارێکی تاکەکەسی یان بە کۆمەڵ، لەم چوارچێوەیە لابدات، بە پێشێل کردنی یاسا دادەنرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ژمارەیێک لە کارمەندەکانی لە کاتی پێکدادان لەگەڵ هێزێکی چەکداردا برینداربوون، کە دواتر دەرکەوت سەر بە یەکێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبین و هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدای پایتەخت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ۱۴ چەکداری هێزەكەی حەشدی شەعبی دەستگیرکراون. لەسەر بنەمای ئەم ڕووداوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیێکی باڵای لێکۆڵینەوە کرد بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و چۆنیەتی جووڵەی هێزە چەکدارەکە، بەبێ فەرمان و ڕەزامەندی فەرمی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی بینایێکی حکوومی و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەدا کە هێزە ئەمنییەکان ۱۴ تۆمەتباریان دەستگیرکردوە و دوای وردبینی کردنی ناسنامەکانیان دەرکەوتووە کە سەر بە لیواکانی (۴۵ و ۴۶)ی حەشدی شەعبین و ڕەوانەی دادگا کراون و ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
Your Comment