بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی و باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە. هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێک بهێنرێت.
Your Comment