بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ۵۱ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیدا گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و بە تووندی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
ئەردۆغان ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران "چەتەگەرییە" و وەڵامدانەوەی تارانیش "بەرگرییەکی رەوایە". ئەردۆغان حکوومەتی بنیامین نەتەنیاهووی بە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم ئاشتیی هەرێمیدا وەسف کرد.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سەرەخۆشیی لە زیاتر لە ۵۵ هەزار فەلەستینی کرد کە "لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە شەهیدکراون و زیاتر لە ۶۵٪یان منداڵ و ژنن."هیوای چاکبوونەوەیشی بۆ ۱۲۸ هەزار بریندار خواست و گوتی، "ئێمە وەک تورکیا ئازاری برا فەلەستینییەکانمان بە ئازاری خۆمان و خەمیان بە خەمی خۆمان دەزانین. با برا فەلەستینییەکانمان بزانن کە ئەمڕۆ تاریکیی ستەم چەندە چڕ بێت، دادپەروەری دادەمەزرێت و سەرکەوتن بێگومان هی باوەڕداران دەبێت".
ئەردۆغان سیاسەتەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکە بە "داگیرکاری، وێرانکاری و کۆمەڵکوژی" ناوبرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل بە پشتیوانیی بێمەرجی هێزە ڕۆژئاواییەکان، بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەمان".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل غەززەی کردووەتە "کەلاوەیێکی گەورە" و دامەزراوەی تەندروستی، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکانی بۆردوومان کردووە و گوتی، "۲۱ مانگە دوو ملیۆن خوشک و برامان لە غەززە لە بارودۆخێکدا بۆ مانەوە تێدەکۆشن کە تەنانەت ئۆردووگا زۆرەملێکانی نازییەکانیشی تێپەڕاندووە".
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند: "دەمەوێت بە ڕوونی و ئاشکرا بیڵێم، حکوومەتی نەتەنیاهوو بە هەموو ئەم هێرشانەی سەلماندی کە گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم ئاشتیی هەرێمیدا. بە بەهێزترین شێوە نەفرەت و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەم".
ئەردۆغان پێناسەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە، لوبنان، یەمەن، سووریا و ئێران بە "چەتەگەری" کرد و گوتی: "ئەو رێوشوێنانەی ئێران لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنی ڕەوادا بۆ پاراستنی گەلەکەی گرتوویەتیەبەر، زۆر سرووشتی، ڕەوا و یاسایین".
ئەردۆغان حکوومەتی نەتەنیاهووی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئامانجی تێکدانی دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی ئێرانە و دەیەوێت شەڕ بەسەر هەموو ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە لەبری ئەوەی لە تەنیشت دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینەوە بە ئاشتی بژی.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بڕوانن، چۆن ۹۰ ساڵ لەمەوبەر ئەو پریشکەی هیتلەر دایگیرساند، هەموو جیهانی لە زەریای هێمنەوە تاوەکو ئەتڵەسی گڕ تێبەردا، ئەمڕۆش ئارەزووە زایۆنیستییەکانی نەتەنیاهوو، جگە لە ڕاکێشانی ناوچەکە و هەموو جیهان بۆ کارەساتێکی گەورە، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە".
هەروەها جەختی کردەوە: "ئێمە رێگە نادەین نەخشەیەکی نوێی سایکس پیکۆ کە سنوورەکانی بە خوێن بکێشرێت، لە ناوچەکەماندا دابمەزرێت".
ئەردۆغان داوای یەکڕیزیی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا کرد و ڕایگەیاند: چارەنووسی هەمووان پێکەوە گرێدراوە. "چارەنووسی ئیستەنبووڵ لە چارەنووسی شام جیا نییە؛ لە چارەنووسی بەغدا، قاهیرە، سەنعا، ئیسلام ئاباد، کابووڵ، تەرابلوس و تاران جیا نییە؛ بێگومان لە چارەنووسی قودس و غەززە جیا نییە. چارەنووسی موسڵمانان بە تورک، کورد، عەرەب و فارس، سووننە، شیعە و عەلەوییەوە، هاوبەشە".
سەرۆک کۆماری تورکیا داوای کرد ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و گوتی: "پێویستە ئەمڕۆ زیاتر دەست لەنێو دەستی یەکدی بنێین و ڕیزەکانمان تووندتر بکەین. لە جیهانی فرەجەمسەردا، پێویستە جیهانی ئیسلامی کە دوو ملیار کەسە، بە تەنیا ببێتە جەمسەرێک".
سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە چەتەگەری ناوبرد و جەختیشی کردەوە کە چارەنووسی موسڵمانان بە تورک، کورد، عەرەب و فارس، سووننە، شیعە و عەلەوییەوە، هاوبەشە.
News ID 225625
Your Comment