یەکەم:
ئەو هێرشە موشەکییانەی ئێران ڕاستەوخۆ لە خاکی ئیسرائیلی داوە، لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە هیچ (دەوڵەتێک) بەم بڕ و شێوازە جەسارەتی نەبووە. ئەمەش پارێزراوی ئیسرائیلی شکاند کە دەیان ساڵە وەک هێڵی سووری نەشکێنراو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لەلایەن هەموو جیهانەوە.
دووەم:
ئێران بووەتە یەکەم (دەوڵەت) کە بە شێوەیەکی ڕاشکاو و ستراتیژی بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئیسرائیل بووەتەوە، لە کاتێکدا دەوڵەتە گەورەکانی جیهان کە لە هەندێک سیاسەتی ئیسرائیل ناڕازی دەبن هێشتا بە دیپلۆماسیەت و بەیاننامەی کاغەزی خۆیان دەپارێزن.
سێیەم:
ئێران بە زیرەکی خۆی کردووەتە نمایندە وپشتیوانی سەرەکی جیهانی ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوەدا، بەبێ جیاکردنەوەی نێوان سوننە و شیعە، عەرەب و فارس، تورک و کورد. ئەمەش پشتیوانی بەرفراوانی لەناو موسڵمانانی جیهاندا بەدەستهێناوە بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە، بۆیە ئێران لەخراپترین حاڵەت ئەگەر بشدۆڕێت دەبێتە نمونەی دەوڵەتی شەهید لەلای گەلانی موسڵمان.
چوارەم:
ئێران بووەتە یەکەمین دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخدا کە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا (وەک هێزی هەژمونی جیهانی) نەترساوە و بەردەوام لە هەڵوێستەکەی جێگیربووە. ئەمەش ئیدارەی ئەمریکی ناچار کردووە بە بیرکردنەوە لە ستراتیژی ناوچەکە. تەنانەت وەک ڕۆژانە دەیبینین ئیدارەی ترەمپی تووشی شڵەژان کردووە وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕبووە لە لێدوانی زۆر وبەپەلە وجێبەجێنەکراوی ترەمپ وئیدارەی ئەمریکا.
پێنجەم:
ئێران وەک ئیلهام بەخشێک نموونەیەکی نوێی دروستکردووە بۆ ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە باڵادەستەکان لە ڕێگەی پابەندبوون بە پرەنسیپەکان وبەرگری لە بەرژەوەندییەکان، کە گەلانی جیهان دەتوانن سوود لەم شێوازە وەربگرن و بە ئاسانی ملکەچی هەموو ئەجیندایەکی دەرەکی نەبن. تاوەکو لەو خەیاڵە دەرچن کە گوایە ئەمریکا وئیسرائیل توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جیهانیان هەیە، بەڵکو دەکرێت بەوانیش بوترێت ‘’نەخێر’’.
شەشەم:
گەلی ئێران لە ماوەی ئەم قەیرانەدا (تا ئێستا) نموونەی گەلێکی وشیاریان پیشانداوە. سەرەڕای هەندێ ناڕەزایەتی ناوخۆیی، تێگەیشتوون کە گۆڕانکاری بە هاندانی دەرەکی لە قازانجیان نییە. ئەوان دەزانن کە مافی چارەی خۆنوسین تەنها ئەو کاتە واتای ڕاستی هەیە کە گەل خۆی بە سەربەخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، نەک بە ئامرازی پلانی جیۆستراتیجی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەزموونی تاڵ و ئاڵۆزی عێراق و هەرێمی کوردستان دوای دەستتێوەردانی دەرەکی، نموونەی ڕوونە بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاری بە ناوی “ئازادی” و بەدەستی “دەرەکی”، دەکرێت گەل بخاتە ناو نەگبەتی وئاژاوە ودژایەتیەکی درێژخایەنەوە.
تێبینی:
ئەم نوسینە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەیە جیا لە هەستی نەتەوایەتی وکوردایەتی کە لەم قۆناغەدا لەلایەن بەناوسیاسیەکانەوە کراوەتە کاڵایەکی بازرگانی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن.
Your Comment