بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خالید شوانى وەزیرى دادى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "یاساى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە لە ڕۆژنامەى وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە و یاساکە دەنێرینەوە بۆ سەرۆکایەتى کۆمار و ئەنجوومەنى نوێنەران و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى حکوومەتى فیدراڵى و حکوومەتى هەرێم، کە دەبێت مەرسوومى کۆمارى بۆ دەربکرێت و جارێکى دیکە مەرسومەکە لە رۆژنامەى وەقائیع لە هەفتەى ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە".
وەزیری دادی عێراق وتیشی: "بەمشێوەیە رێکارە یاساییەکانى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە کۆتاییان دێت و پێویستە لەم رۆژەدا لەگەڵ دەستخۆشیمان بۆ هەموو لایەک، پیرۆزباى گەرم ئاراستەى خەڵکى کوردستان بەگشتى و خەڵکى هەڵەبجە بەتایبەتی بکەین، ئاواتەخوازین بە گشتى ئەم یاساییە هاندەربێت بۆ حزمەت کردنى زیاترى هەڵەبجەییەکان".
وەزیرى دادى عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "بەپێى بڕیارى محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، پێویستە لە ماوەى ۶۰ ڕۆژدا رێنماییەکانى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەربچێت".
Your Comment