بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان ھەنگاوی زۆر باشی بۆ یەکخستنی پێشمەرگە ناوە و لە چوارچێوەی چەندین فیرقەی تازەدا یەکخراون.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا نزیکەی نۆ فیرقەی ھێزی پێشمەرگە دروستکراون، لەوانە دوو لە دھۆک و یەکێک لە بارزان و دوو لە ھەولێر، لە سلێمانیش چەند فیرقەیەک دروستکراون، بۆیە ھەنگاوی زۆر جدی و خێرا بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە نراوە.
هەروەها تا کۆتایی ساڵی داھاتوو سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ۱۱ فیرقەی پێشمەرگە یەکدەخرێن و یەکەی ۷۰ و ۸۰ش نامێنن، چوونکە ئەو ھێزانەی ئێستا لە فیرقەکان یەکدەخرێن، زیاتر لەو دوو یەکەیەن.
ڕاوێژکارە سەربازییەکەی سەرۆکی هەرێم گوتیشی، سێ ساڵە کار لەسەر ئەم پرۆسەی یەکخستنەوەیە دەکرێت و لە سەرەتاکانی کابینەی دەیەمدا ھێزی پێشمەرگە یەکدەخرێت بە تەواوی و دەبێتە یەک ھێزی پێشمەرگە، بۆ ئەم پڕۆسەیەش ھێزەکانی ھاوپەیمانان زۆر ھاوکار و پاڵپشتن و بەردەوام لەگەڵ یەکخستنی پێشمەرگەدان.
Your Comment