بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێشەممە، ۲۹-۰۴-۲۰۲۵، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "دوێنێ و بەیانیی ئەمڕۆ، گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە: "بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە."
ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن."
Your Comment