خواستی هەولێر پەیوەندییەکی باش و تۆکمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە مێژوویی وەسف کرد، پارێزگاری هەولێریش گوتی: خواستی ئێمە، پەیوەندییەکی باش و تۆکمەیە لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بە تایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ـی نیسانی ۲۰۲۵، عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئامادەبوونی دکتۆر حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازیی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێردا هاتووە: لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرهەنگی و ئابوورییە هاوبەشەکان کردەوە، هاوکات ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتریان.

لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر،دووپاتی لەوە کردەوە کە پاڵشت و هاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، خواستیانە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەیان لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵی محمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جوڵەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئازەربێجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، گوتیشی: ئێستاش خواستی ئێمە وەکو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.

News Code 225323

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha