بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەتەر رایگەیاند: قبووڵ ناکەن هیچ لایەنێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا چەک هەڵبگرێت و چاوەڕوانن پەکەکە بە خێرایی وەڵامی بانگەوازی چەکدانان بداتەوە و دەبێت لە سووریا نەمێنن بە رێگەی ئاشتی یان هەر رێگەیەکی دیکە بێت.
ناوبراو دەشڵێت هیچ دەستوەردانێک قبووڵ ناکەین یەکێتی خاکی سووریا بکاتە ئامانج یان زیان بە سەروەری سووریا بگەیەنێت و هەروەها قبووڵ ناکەین لایەنێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە سووریا چەک هەڵبگرێت.
فیدان وتیشی: دژی ئەو گرووپانە دەوەستینەوە دۆخەکە دەقۆزنەوە و هەوڵ دەدەن زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری بگەیەنن و ئەنقەرە دەیەوێت دەستوور و حکوومەتێک لە سووریا ببینێت، کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات گەرەنتی بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: چاوەڕێی جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنەین کە لە چەند مانگی رابردوودا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا لە دیمەشق واژو کراوە، جەختیشی لە هەستیاری ئەم بابەتە بۆ تورکیا کردەوە.
Your Comment