بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لە پەرلەمان وتی: کاتی ئەوە هاتووە قسە تێپەڕێنین و بچینە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕێز ئۆجەلانیش قسەی هاوشێوەی بۆ وەفدەکەمان کردووە، کە چوونە ئیمرالی.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ وەزیری داد کۆ دەبینەوە، و وتیشی: هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا هەنگاوی باش ببینین.
سەبارەت بە وادەی داماڵینی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ناوبراو وتی: ئێمە وادەی چەک دانان نازانین، پەکەکە خۆی بڕیار لەسەر ئەمە دەدات، بەڵام شتێکی زۆر گرنگ هەبوو کە پەروین بوڵدان گەیاندی و وتی: ئەمە یەکەمجارە بەڕێز ئۆجەلان بەو مۆڕاڵ و هیوا بەرزەوە ببینم. ئەمە پێشهاتێکی زۆر باش و زۆر گرنگە. هیوادارم ئەم مۆڕاڵ و هیوایە بۆ هەموو تورکیا بگوازرێتەوە. لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باس لە کارنامەی نوێتر و جیاوازتر دەکەین.
ناوبراو وتیشی، هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی بێ هیوابین، ئۆجەلان مۆڕاڵی بەرز و گەشبینە، لێدوانەکانی بەڕێز باخچەلی لە جێی خۆیدایە، لێدوانەکانی وتەبێژی ئاک پارتیش ئەرێنین، پێشتر لێدوانی ئەردۆغان هەبوو، کاتێک هەموو ئەمانەمان پێکەوە دانا، هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی گەشبین نەبم.
Your Comment