دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
یادی ۱۲۷ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه، هه‌روه‌ها یادی ۲۷ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له هەموو رۆژنامەنووسان و ميدياکارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشکه‌وتنى زياتر و سه‌رکه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌کييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌که‌ينه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بين له کارکردن بۆ فه‌راهه‌مکردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێک دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بکرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه له‌م ياده‌دا وه‌ک هه‌ميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى کاراى خۆيان له پته‌وکردنى کولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێکه‌وه‌ژيان و يه‌کترقبووڵکردن و لێبورده‌يى، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی کوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌که‌ينه‌وه که سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامه‌وانى له وڵاته‌که‌مان.
Your Comment