هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان گرینگە

هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کۆ بوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆ بوونەوە و لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: هەردوولا وێڕای تاوتوێ کردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.

هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابین کردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.

مەسروور بارزانی و سوودانی سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکەش، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و چارەکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ.

لای خۆیەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر چەندین پرس و بابەت لەسەر ئاستی نیشتمانی، گرنگترین پێشهاتەکانی هەرێمی، نێودەوڵەتی و هەڵوێستی حکوومەت لە قەیرانەکانی ناوچەکە کرا."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوبەشی و هاوئاهەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوکاری، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست کرایەوە."

وەکوو نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆیی و دەرەکی سەرکەوتوو بووە، بەرپرسیارێتیی خۆی لەئەستۆ گرتووە، سەرەڕای گۆڕانکاری و رووداوەکانی ناوچەکە، هەروەها دووپاتی هەوڵەکانی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی و چەسپاندنی سەقامگیری لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا".

News Code 225209

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha