بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆ بووەوە و بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت: "لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا، هەروەها جەختیش لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."
هاوکات هەر بەپێی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بووە.
لایخۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـەوەی خستووەتە ڕوو: "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی گشتیی بارودۆخ و پرسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا کرا، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەت بە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا."
ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "میکانیزمەکانی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوکاریی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان، باس کرا."
سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لێ کردن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە.
Your Comment