بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاوی کردەوە هەردوو چالاکوانی مەدەنی شاری هەولێر هاوڕێ کوردی و زێوەر محەمەد، لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیر کراون، هەروەها هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و قارەمان شوکری هێشتا لە زیندانی پەدەکەدان و ئازاد نەکراون بۆیە لە شاری گڵاسگۆی سەر بە هەرێمی سکۆتلاند لە وڵاتی بەریتانیا کوردەکان گردبوونەوەیێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانیان کرد.
لە گردبوونەوەکەدا وتاری ڕێکخراوی داکۆک لەلایەن بڕیار حەمەدئەمینەوە پێشکەش کرا و وتی: ئێمە ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئیدانەکردنی دەسەڵاتی حزب کە باڵادەستە لە هەرێمی کوردستان، لێرەوە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و داواکارین ئازاد بکرێن.
لە گردبوونەوەکەدا وێنەی زیندانییان و کاریکاتێری دەسەڵاتداران بەرز کرایەوە و بە درووشم و بەرزکردنەوەی پانکارت دەسەڵاتی هەرێم شەرمەزار کرا.



Your Comment