سه‌رۆکایه‌تی کۆماری تورکیا له ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئەردۆغان له میانی په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پووتین هاوتا ڕوسییه‌که‌ی، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی کارکردنی پێکه‌وه‌یی بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و کرده‌وانه کرده‌وه که دەبنە هۆی توندوتیژی تائیفی له سووریا.
له‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه‌دا له‌گه‌ڵ پووتین، ئەردۆغان پاڵپشتی تورکیای بۆ تێکه‌ڵ کردنی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) له ئیداره‌ی ناوه‌ندی سووریا دووپات کرده‌وه و راشیگه‌یاند، تورکیا گرنگی به هاریکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌دات له‌باره‌ی پرسی سووریا، هه‌روه‌ها گرنگه تورکیا و ڕووسیا پێکه‌وه کاربکه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئاشتی و سه‌قامگیری هه‌میشه‌یی له سووریا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کپارچه‌یی خاکی ئه‌و وڵاته.
ئەردۆغان جه‌ختیشی کرده‌وه که تورکیا و ڕووسیا ده‌توانن پێکه‌وه کار بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌وڵانه بکه‌ن که ئامانجیان تێکدانی یه‌کڕیزی سووریا و په‌ره‌پێدانی هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی و تائیفییه و به‌ته‌واوه‌تی سزاکانی سه‌ر سووریا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه.
ئەردۆغان له میانه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ پووتین جه‌ختی کرده‌وه که سه‌رچاوه‌کانی سووریا بۆ ئیداره‌ی سووریا جێبهێڵرێت و وتی: "پێویسته دڵنیا ببینه‌وه له ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌قامگیریی سووریا، هه‌روه‌ها دڵنیا ببینه‌وه له‌وه‌ی چیتر سووریا نابێته ناوچه‌یێکی گونجاو بۆ ڕێکخراوه تیرۆریستییه‌کان".
Your Comment