بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرهاد تەوفێق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ماوەیێکە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵییەوە، گفتوگۆیێکی گەرمی نێوان هەرێم و فیدراڵ و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، سەبارەت بەم پرسە ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
١. هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵەوە، جگە لە کۆمپانیاکانی بەشدار لە پرۆسەکە، سوودی بۆ کورد و پرسە نەتەوەییەکەی نییە.
٢. حکوومەتی عێراق بەبێ ڕەزامەندی هەرێم ناتوانێت نەوتی هەرێم هەناردە بکاتەوە، واتە ڕاست نییە بوترێت عێراق و تورکیا نەوتەکە هەناردە دەکەن، هەناردە کردنەوەی بەبێ ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستان ناکرێت.
٣. ناکرێت کورد و هەرێمی کوردستان شاگەشکە بێت بە ڕادەست کردنی نەوت بە حکوومەتی فیدراڵ، تەنیا لەبەر ئەوەی نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە و مافی کۆمپانیاکانی نەوت نەفەوتێ.
٤. ناکرێت هەرێمی کوردستان دوا تیری کەوانەکەی بەهەڵە هەڵبدات و باشترین ئامانجی پێ نەپێکێت، چوونکە ئەمڕۆ سەرچاوە سروشتییەکان و نەوت و ئاو، کارتی گرنگی دەستی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بە بەغداد.
٤. بە بڕوای ئێمە لەم کاتی لاوازییەی بەغدا و بەو ڕێگە و شوێنەی دیاری کراوە و بەغدا نەوتەکە بفرۆشێت و تەنیا تێچووی دەرهێنان و هەناردە کردنی بدرێت بە کۆمپانیاکان، بەهیچ شێوەیێک لە بەرژەوەندیی کورد نییە و بەو شێوەیە هەناردە نەکرێت و بمێنێتەوە بۆ کاتێکی گونجاو باشترە.
Your Comment