بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بە ڕووداوی ڕایگەیاند: "پەیامی ئۆجەلان لە بەرژەوەندی کوردان دایە و ئەوان هیوادارن حکوومەتی تورکیا مامەڵەیێکی دروست لەگەڵ پەیامی ئۆجەلان بکات و حکوومەتی تورکیا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان نیازی خۆی بەرامبەر ئەم بانگەوازە نیشان بدات و لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ کوردان بکات، هەروەها پێویستە تورکیا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکات."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان پێیوایە، جێبەجێ کردنی ئەم بانگەوازە: "ئاسان نییە" و بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەم پەیامە قبووڵ بکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا جەختی کردەوە، "بەرپرسیارییەتی گەورەتر دەکەوێتە سەر حکوومەتی تورکیا و ئەردۆغان کە پێویستە هەنگاو بنێت و متمانە دروست بکرێت".
سەبارەت بە کاریگەری ئەم پەیامە لەسەر شنگال، حەیدەر شەشۆ دەڵێت: "پێویستە گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە لە شنگال گوێ لەم بانگەوازە بگرن، هەروەها پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگا و دەرفەت بەو گرووپانە نەدات چەک بەکاربهێنن".
بەگوێرەی گوتەکانی حەیدەر شەشۆ: "جێبەجێ کردنی ئەم پەیامە ئاسانکاری بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، لەبەر ئەوەی هەندێک ئاستەنگی هەن و هەندێک لایەنی نزیک لە پەکەکە لە شنگال دەبنە هۆکار یان بیانوو کە حکوومەتی عێراق بڵێت بەهۆی بوونی ئەو لایەنانە ناتوانن رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بکەن، بەتایبەتی کە هاووڵاتییانی عێراقی لەناو ئەو گرووپانەدا هەن".
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان باس لەوەش دەکات: "نزیکەی ۱۵۰۰ شەڕکەر بە ناوی ئۆجەلان و بە لۆگۆی پەکەکە لە شنگال هەن، کە خەڵکی شنگال بە هەموو پێکهاتەکەیەوە جێگایان تێدا دەگرن و پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی شنگال لەبەرچاو بگرن و نەیکەنە قوربانی بەرژەوەندی کەسێک. من هیوادارم خەڵکەکەمان کە لەبەر نانی منداڵەکانیان تێکەڵ بە ئەوان بوون، نەبنە قوربانی".
سەبارەت بە کوردستانی سووریا حەیدەر شەشۆ گوتی: "پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەم پەیامە جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دایە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە ناڵێین بێ مەرج چەک دابنێن. پێویستە دەوڵەتی سووریا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لەگەڵ کوردان هەڵسوکەوت بکات و مافی گەلی کورد دەستەبەر بکات".
Your Comment