سەرۆکی هەرێم جەخت لە بەهێزکردنی لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکاتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کرد و لە کۆبوونەوەیێکدا باسیان لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی عێراق بە رۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری کۆبوونەتەوە و دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاری کردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.

پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی عێراق، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک "بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات"، لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوەکرا.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیری کردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی ته‌واوی وڵاتدایه‌".

News Code 224942

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha