دیواری دێگەڵە و دیواری بەرلین/ ئەمیر مام والی

نزیکەی سی ساڵە سەیتەرەی دێگەڵە بووە بە پەڵەیێکی ڕەش بەناوچاوی هەرێمی کوردستانەوە و ڕێگای پێشکەوتن و یەکگرتوویی داخستووە. ئەم دیوارە سیاسییە وەکوو ئامێرێکی پاوانخوازایی حزبی و دووبارە بەرهەمهێنەری سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس هیچ کاتێک دەرفەتێکی بۆ گەیشتن بە دادگەری نەهێشتۆتەوە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم دیوارەش وەکوو دیواری بەرلین بڕووخێنردێت؟

کوردپرێس: لە ساڵی ١٩٦١دا ئاڵمانیای ڕۆژھەڵات دەستی کرد بە دروست کردنی دیوارێک لە نێوان دوو بەشی بەرلین، ئەم دیوارە ئەڵمانیای کرد بە دووبەشەوە و لە مێژوودا بە (دیواری بەرلین)، ناسراوە، ئەم دیوارە بوو بە نیشانێکی شەڕی سارد و ئەڵمانیەکانی کردبوو بە دووپارچە، دوای تێکۆشانی بێوچانی ئەڵمانییەکان لە هەمبەر ئەو کارەدا ئەم دیوارە لە ساڵی ١٩٨٩ ڕووخا و ئەم جارە بوو بە نیشانی کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد.

سەیتەرەی دێگەڵە

نزیکەی سی ساڵە سەیتەرەی دێگەڵە بووە بە پەڵەیێکی ڕەش بەناوچاوی هەرێمی کوردستانەوە، هەرکاتێک پارتی هەست بە تەنگەتاوی بکات کارتی دێگەڵە چالاک دەکات، هەر لە ڕێگری کردن لە کۆسرەت ڕەسوول و ڕێگری کردن لە یووسف محەمەدەوە تاوەکوو ڕیگری کردن لە مامۆستایان و فەرمانبەران.

تاریق عەزیز، جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی بەعس و ڕاوێژکاری سەددام حوسێن، دەڵێت: ئێمە دوو ئیدارەییمان لە باکوور دروستکرد. هەڕەشەمان لە جەلال تاڵەبانی کرد کە ئەگەر سنووری دیاریکراو تێپەڕێنێ، گاردی کۆماری بەشداری شەڕ دەکات و زۆر بە توندی لە یەکێتی دەدرێت. بەهەمانشێوە لە تشرینی دووەمی (١٩٩٧)، ڕژێمی بەعس ئینزاری مەسعوود بارزانیش دەکەن کە سنووری یەکێتی نەبەزێنێت ئەگەرنا دەستتێوەردان دەکەن. ئێران و تورکیاش بەهەمان شێوە ڕۆڵی سەرەکییان لەدروستبوونی ئەم دوو ئیدارەییەدا بینی. دووژمن باش دەیزانی لە داهاتوودا دەبێ بەچی بەڵایێک بۆ گیانی ئەم کیانە کوردییە.

ئەم سەیتەرە نەفرەتیە درەنگ یان زوو دەبێ وەک دیوارەکەی بەرلین بڕوخێندرێت و لەبنەوە هەڵتەکێت، هەتاکوو دیواری دێگەڵە مابێت ئەم ناکۆکی و ناعەدالەتیە هەر بەر دەوامە، هەنگاوی یەکەمی شکاندنی ئەم وەهمەی پارتی لە لایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە دەستپێکرا، بۆیە گرنگە سەرجەم چین و توێژەکان لە هەنگاوی داهاتوودا بەشداربن لە هەڵتەکاندنی ئەم دیوارە نەفرەتیە و ڕیسواکردنی بەڕێوەبەرە نەفام و دیکتاتۆرەکانیدا.

News Code 224865

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha