بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی کۆماندۆی سەر بە هەسەدە دوای چاودێرییەکی ورد و بەردەوامی جموجۆڵەکانی شانەی تیرۆریستی، و دوای کۆکردنەوەی زانیاری تەواو بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشیان بۆ سەر حەشارگەکەیان ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەشەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارەکانی داعشدا دروست بووە و لە ئەنجامدا چەکدارێک کوژرا و ئەمیری شانەکەش کە ناوی "نەواس" بو خۆی تەقاندوەتەوە و گیانی لەدەستداوە و پێنج چەکداری دیکەش لە ئەندامانی شانەکە دەستگیرکران، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان بکەوێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو شانەیەی داعش بەرپرس بووە لە هێرشکردنە سەر تانکەرە نەوتهەڵگرەکان و خاڵە پشکنینەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چەند ناوچەیەک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ئەنجامی چاودێری و بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شوێنەکەیان دەستنیشان کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستیان بەسەر ژمارەیێک چەکدا گرت جگە لە بڕێک تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی دیکە کە پێکهاتون لە شەش چەکی کڵاشینکۆف و ۲۱۳ گولـلەی و ۲۳ مەخزەن، حەوت نارنجۆکی دەستی، پێنج جوبعەی سەربازی و پێنج ئامێر.
Your Comment