سەرۆک کۆماری عێراق سکاڵای لەسەر سوودانی و تەیف سامی تۆمار کرد

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەسەر مووچە سکاڵای لەسەر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆمارکرد، رۆژی چوارشەممە ۱۲ـی مانگ دادگایی کردنەکە بەڕێوەدەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، وەکو د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاساییمان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆمارکردووە.

گوتیشی، ناوەڕۆکی سکاڵاکە چەند خاڵێکی سەرەکییە، یەکەمیان داواکراوە دادگای فیدراڵی فەرمانی بەپەلە دەربکات بۆ خەرج کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و بەبێ راوەستان.

ناوبراو گوتیشی، "هەروەها داوا دەکەین بابەتە هونەرییەکانی وەکو میزانی موراجەعە، وردەکاری و چاودێری کە ئەمانە رێکاری کارگێڕی و هونەرین، نەبنە هۆکارێک بۆ دواخستنی مووچە".

هاوڕێ تۆفیق باسی لەوەش کرد، لەهەمان کاتدا داواکرابوو لەلایەن دادگاوە ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکرێت بە هەموارکردنی (ماددەی ۱۲/بڕگەی ج) لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتبوو بە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە لە رۆژانی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو گۆڕانکارییەی ئەنجامداوە.

ڕوونیشی کردەوە، بۆیە ئێستا جەوهەری داواکارییەکانی ئێمە کورتبووەتەوە بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و سەرجەم مانگەکانی دیکەش بەبێ راوەستان و هیچ هۆیەک، ئەوەش مافێکی دەستورییە.

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، "دەمانەوێت رایبگەیەنین رۆژی ۱۲ـی مانگ کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە، رۆژی دادگایی کردنەکەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین دادگای فیدراڵی بڕیاری دەستوریی خۆی بدات".

News Code 224860

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha