٢٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٥ - ٠٩:٢٩
وتارەکەی ترەمپ لەبارەی غەززەوە هاوشێوەی مەیلی توندڕەوە زایۆنیستییەکانە

سه‌رۆكی یه‌كێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕایگه‌یاند، وتاری ترەمپ هاوشێوەی "تێڕوانیی زایۆنییە ڕاستڕەوە توندڕەوەكانە"، پشتیوانی ڕاگواستنی كەسوكارمان دەكات لە غەززە و هانیان دەدات بۆ ڕۆیشتن بەرە و میسر و ئوردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" باسی له‌وه‌ كردوه‌: "بە دەنگی تەکبیر و هاوار، نیو ملیۆن فەلەستینی گەڕانەوە بۆ غەززە و لە بەرامبەر هەموو بانگەوازێک بۆ کۆچکردن و وازهێنان لە خاکەکانیان بەرز ڕاوەستان، ئەوان بە قووڵی درکیان بەوە کرد کە داهاتوویان لە خاکێکی نادیاردا نییە، بەڵکوو لە خاکێکدایە کە خودا بەرەکەتی پێبەخشیوە و کردوویەتی بە ناوەندی سەرنج و دیمەنی ڕووداوەکان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، خه‌ڵكی غه‌ززه‌ دڵنیان لەوەی کە هیچ هێزێک نییە بۆ پاراستنیان جگە لە هێزی خودا، هیچ ئیرادەیەک بۆ جێگیرکردنیان نییە جگە لە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەیان، کە کردوویانە قەڵغانێک کە لە هەموو زیانێک دەیانپارێزێت، دوای پشت بەستن بە خودا.

عه‌لی قه‌ره‌داغی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ئەم گەلە بە ئیمان و خۆڕاگری خۆی وانەی قووڵ فێری نەوەکان دەکات لە پابەندبوون بە حەقیقەت و ئیرادە، گەلێکن شایەنی سەرکەوتنن، چوونکە ئەوان گەلێکن کە ئاگادارن سەرکەوتن تەنها بۆ ئەو کەسانە دێت کە لە دوعاکانیاندا لەگەڵ خودادا ڕاستگۆن و لە خەباتیاندا دڵسۆزن بۆی و لە بەرامبەر تاقیکردنەوەکاندا ئارامگرن، ئەم دڵنیایی و ئیمانە دەبێت ڕۆژێک بەرهەمی هه‌بێت، چوونکە خودا بەڵێنی سەرکەوتنی بە بەندە ڕاستگۆکانی داوە و بەڵێنەکەی ڕاستە و دێته‌دی".

له‌باره‌ی پێشنیازه‌كه‌ی تره‌مپ په‌یوه‌ست به‌ گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی غه‌ززه‌ بۆ میسر و ئوردن، عه‌لی قه‌ره‌داغی وتی: "پێشبینیمان دەکرد دوای ئەو هەموو کارەساتانەی کە جیهان لە غەززە و ناوچەکانی دەوروبەریدا شاهیدی بوو، ترەمپ بەزەیی بۆ ئازار و نەهامەتیەكانی غەززە بجووڵێت، بەڵام کار و بڕیارەکانی ئاشکرای کرد کە هێشتا لایەنگری لە پشتیوانی داگیرکەری ئیسرائیلە، ئەوەش وایکردوە وتارەکەی هاوشێوەی مەیلی ڕاستڕەوی توندڕەوی زایۆنیستی بێت".

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت، "زۆر کەس چاوەڕێی ئەوە بوون کە ترەمپ بە دڵێکی پڕ میهره‌بانییه‌وه‌ لەبەردەم وێنەی ژن و منداڵ و بەساڵاچووەکاندا بەزەیی بجووڵێت، کە گیان و ماڵ و نەخۆشخانەکانیان لەدەست داوە، داگیرکاری هیچی بەجێ نەهێشت جگە لە وێران کردن، ئەو ڕاستڕەوانەش هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ ئەو کارەساتانە نیشان نەدا، بەڵکوو بێوچان پشتیوانییان لە نادادپەروەری و وێرانکاری کرد".

عه‌لی قه‌ره‌داغی ڕوونیشی كرده‌وه‌، "بیرۆكەی گرێبەستی سەدە كە ترەمپ لە ماوەی سەرۆكایەتی یەكەمیدا پێشكەشی كرد، شكستی هێنا، جەخت دەكەین لەوەی هەوڵەكانی ئێستای بۆ لاوازكردنی خۆراگری گەلی فەلەستین شكست دەهێنێت، دڵنیایشن لەوەی میسر و ئوردن ئەو پیلانگێڕییە مەترسیدارە قبووڵ ناكەن، چوونكە دەزانن ئەو هەنگاوە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان دروست دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی شێلگیرانە ڕاوەستن لەگەڵ میسر و ئوردن و فشار بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هەوڵە ستەمكارانەیە".

شایانی باسە ڕۆژی دووشه‌ممه‌ هەزاران فەلەستینی ئاوارە لە غەززە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە میحوەری نەتزەریم، دەستیان کرد بە گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باکووری کەرتی غەززە، هاوکات تیمەکانی ئەمبولانس لە شەقامی ئەلڕەشید جێگیربوون بۆ پێشوازی کردن لە ئاوارە گەڕاوەکان.

News Code 224792

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha