بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: ''لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی سووریا و دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، پێویستە بە بیرکردنەوەیەکی نوێوە هەنگاو بۆ بونیاتنانی سووریای نوێ بنێین، یەکڕیزی و یەکێتیی گەلی سووریا پێویستییەکی مێژووییە بۆ گەشەپێدانی نموونەیەکی جیاواز لە بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''فرەیی لە نیشتمانە سوورییەکەماندا دەوڵەمەندە و بەهایەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی هەیە کە بەعس لێی زەوتکرد و نیشانەکانی سڕییەوە.''
لەبارەی ڕووداوەکانی ناوچەی تەرتووس و لازقییە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ''ئەوەی لە کەنارەکانی سووریا بەرامبەر برایانی عەلەوی روودەدات، هەروەها چەند رۆژ لەمەوبەر سووتاندنی درەختی کریسمس لە حەما و حمس، نە لە بەرژەوەندیی سووریایە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتووی سووریاشە''.
هەروەها هاتووە: لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەخت لەوە دەکەینەوە پاراستنی فرەیی و فرەڕەنگی لە سووریا و دەستنەخستنە سەر هێما و دابونەریتەکان پێویستییەکی بەپەلەیە، بەڵکوو پاراستنی ماف و ئەرکی سەرجەم پێکهاتە و رەنگەکان ئەرکێکی نیشتمانییە و نابێت دەست بۆی ببرێت.
هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە؛ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی رێبازێکی هەڵە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێکهاتەیەکی سووریا لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە، ئەنجامی نەرێنیی دەبێت و خزمەت بە سەقامگیریی سووریا ناکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکدادان و ململانێ، کە پێمانوایە مەترسییە لەسەر یەکێتیی سووریا. ئەمەش ئەو شتەیە ساڵانێکی درێژە خەباتی بۆ دەکەین لە رێگەی پەیڕەوکردنی رێبازەکەمان، کە لەسەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی دامەزراوە، کە یەکێتی و یەکڕیزیی پێکهاتەکانە لەسەر بنەمای هاوبەشی و سەر بە خەباتێکی هاوبەش دژی ئەو پرۆژانەی ململانێ و ناکۆکی دەورووژێنن.
شایانی باسە دوێنێ زۆربەی عەلەویییەکان لە شارەکانی تەرتووس، لازقیە، حەما، حمس و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا لە دژی سووتاندنی مەزارگەیەکی کەسایەتییەکی عەلەوی لە شاری حمس خۆپێشاندانیان کرد. وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران چەند کارمەندێکیان کوژران.
Your Comment