بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاڵدار خەلیل، لە حەسەکە قسەى بۆ ئامادەبووانى گردبوونەوەیەکى جەماوەری کرد، کە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات رێکخرا بوو و ڕایگەیاند: دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکرد و دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت سووریا بۆ هەمووان بێت.
ناوبراو گوتیشى: "هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزى گرووپێکی دیاریکراو نین، بەڵکوو هێزێکن بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆتە مۆدێلێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی دیموکراسی و برایەتی گەلان".
ئاڵدار خەلیل جەختی لەوەکردەوە، پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا، گوتیشى "ئێمە هیچ نیازێکی جوداخوازانە و دوژمنکارانەمان نییە، بەڵکوو پرۆژەیەکی دیموکراسی سەرکەوتوو پێشکەش دەکەین".
کە مەبەستى پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرە و بە گوتەى ئەو، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ببێتە بنەمای نووسینی دەستوورێکی نوێ کە دیموکراسی بەدەستبهێنێت و گرەنتی یەکگرتوویی سووریا بکات.
لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی بەرپرسانی دیمەشقى کرد، ئاڵدار خەلیل گوتی: "ئێمە ئەم پرۆژەیەتان پێشکەش دەکەین بەناوی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەگەر ئێوە بەدوای ئازادیی و دیموکراسی و یەکگرتوویی سووریادا دەگەڕێن، ئەوا پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، یاخود فیدراڵى چارەسەرە".
ئاڵدار خەلیل، تورکیاى تۆمەتبار کرد هەوڵدەدات خەونە عوسمانییەکانی زیندوو بکاتەوە و بە داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکان سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەڕاستی ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش بێت بۆ گەلی سووریا، دەبێت لە خاکی سووریا بکشێتەوە و گەلی سووریا بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بۆ خۆیان بڕیار بدەن".
Your Comment