سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئه‌ندامانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆ بووه‌

نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاریکاریى کۆمسیۆن بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازیی له‌ سه‌رۆک و ئه‌ندامانى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌مو ئه‌و تیمانه‌ى کۆمسیۆن کرد که‌ سه‌رپه‌رشتیى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستانیان کرد و "سه‌رکه‌وتوانه‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدانیان به‌ڕێوه‌برد".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌، نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینى بۆ ئه‌رک و کارى کۆمسیۆن و بۆ پشتیوانى و هاریکاریى سه‌رۆک وه‌زیرانى فیدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى عێراق دوپاتکرده‌وه‌ و ستایشى خزمه‌ت و ماندووبوونیانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا کرد، هه‌روه‌ها داکۆکیى له‌وه‌‌کرده‌وه‌‌ که‌ به‌ هه‌مو پێوه‌ره‌کان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان زۆر گرنگ بوو".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاریکاریى کۆمسیۆن بو له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش، به‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشیى لێ کردن و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواستن".

لایخۆیانه‌وه‌ کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان، پیرۆزبایی سه‌رکه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنیان له‌ نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى کوردستان کرد و ستایشى ته‌واوى پڕۆسه‌که‌یان کرد، که‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پڕۆسه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتو بوو، "به‌ شێوه‌یه‌ک کە جارى یه‌که‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، هیچ تانه‌یه‌کى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار ناکرێت".

News Code 224306

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha