بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى، ڕایگەیاند، سەردانەکانیان لەماوەى ڕابردوودا بۆ بەغدا بەئامانجى دۆزینەوەى ڕێگە چارەیێکى بنەڕەتییە بۆ کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و بەو پێیەى قووڵایى ستراتیژی هەرێمە، دەشڵێت "پابەندى تەواوى ئەرکەکانیان دەبن بۆ جێبەجێ کردنى یاساى بودجەى ساڵى 2021".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، سەردانە دوو لایەنەکان ئەوەى سەلماند عێراق وڵاتى هەموویانە و ئەوانیش بەشێکن لێى و هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیشى دەدەن و لەو ڕوانگەشەوە سەردانى بەسڕە و زیقار و ئەنبار و سەرجەم پارێزگاکانى تریش دەکەن بەمەبەستى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى نیشتیمانى هاوبەش.
تاڵەبانى باسى لەوەش کرد، حکوومەتى هەرێم پەڕەیێکى نوێ بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵدا کردووەتەوە و بەردەوامیش ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە پابەندن بەیاسای بودجەى ساڵى 2021ەوە و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزارەتى دارایى و نەوت و بانکى ناوەندى و چاودێرى دارایدا کۆبوونەوە بەمەبەستى زانینى ئەرکەکانى سەرشانى هەرێم لەسەر ڕۆشنایى ڕێنماییەکانى تایبەت بەجێبەجێ کردنى بودجە.
جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم ئەوەشى خستووەتە ڕوو، یەکێک لەئەرکە لەپێشنیەکانى سەردانەکە دڵنیاکردنەوەى لایەنە جێبەجێکار و تەشریعیەکانە بەوەى هەرێمى کوردستان ئامادەیە ئەرکەکانى کە لەیاساى بودجەدا هاتووە جێبەجێ بکات و بەوەش بەشێک نابن لەتێکدانى ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵوێستى ئەوانیش لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بێت بەپێى دەستورى عێراق.
لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختەشەوە قوباد تاڵەبانى ئەوەى ڕوونکردووەتەوە، پاڵشتى تەواوى دوورخستنەوەى چەک لە هەڵبژاردنەکە و پێدانى دەرفەتى تەواو بەلایەنە رکابەرەکان دەکەن بۆ خستنەڕووى کارنامەکانیان.
لەبارەى هەوڵە هاوبەشەکانى هەولێر و بەغداشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، قوباد تاڵەبانى روونی کردەوە، هەرێم پاڵپشتى هەوڵەکانى حکوومەتى فیدراڵ دەکات بۆ تێکشکاندنى داعش و ئامادەشە بۆ ئاڵوگۆڕ کردنى زانیارى و سوود وەرگرتن لەمەشق و ڕاهێنان و هەروەها پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنیەکان بەتایبەت لەهێڵى تەماسى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقدا.
ناوبراو وتیشی سەردانەکانیان چەند تۆمەتێکى سیاسى درایە پاڵ، گوایە لەپاڵ گفتوگۆکانى تێپەڕاندنى بودجەدا بەرژەوەندى تایبەتیش لەخۆدەگرێت، بەڵام پێچەوانەکەى تەواوە بەغدا بەقووڵایى ستراتیژى هەرێم دادەنرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment