بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەكاربوونی وەک باڵیۆز لە عێراق بە مەسعوود بارزانی ڕاگەیاند و ویستی وڵاتەكەشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق بە وردی باسی لە تاوانی كوشتنی گەشتیارێكی هەرێمی كوردستان لە توركیا كرد و وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆکی پارتی و كەسوكاری قوربانییەكە، ئەوەی بە بارزانی ڕاگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەدواداچوونی تەواویان بۆ ڕووداوەكە كردووە و ڕێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر و سەرجەم تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیركراون و بەدڵنیاییەوە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
لای خۆیەوە مەسعوود بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خواست و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە.
Your Comment