کۆچی دوایی گەنجان دواڕۆژی تەماویی نیشتمان/ ناسیح مەحموودی

وێڕای دەربڕینی پرسە و هاوخەمی لەگەڵ سەرجەم بنەماڵە داخدارەکان کە لەم چەن ڕۆژە بە هوی کۆچی دوایی ئازیزانیان لە کوردستان ئازیەتبار بوون، لە یەزدانی مەزن داواکارم ڕۆحی هەموویان بە بەهەشت شاد و ئوقرەیی و دڵ گەورەیی بە سەرجەم لێقەوماوان ببەخشێت.

هەروەها کە هەموومان ئاگادارین بەداخەوە دیاردەی کۆچی دوایی و ناوادەی گەنجان بوەتە ئاخی سەر دڵی تاک بە تاکی کومەڵگا و هەر بوێە و بە ئومێدی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گۆنجاو بۆ کەم کردن و بگرە نەهێشتنی ئەم بەڵا تاقەت پڕوکێنە، بە پیویستم زانی ئەم نووسراوە ئاراستەی هەموو چین و توێژەکان بکەم:

▪️لە فەرهەنگ و کەلتووری کوردی، یەکێ لە سامان و سەرمایە سەرەکییەکانی نیشتمان بەو چینە لە کۆمەڵگا دەوترێت کە تەمەنیان ها لە نێوان پانزە بۆ سی ساڵ و هەر بوێە بەم پێڕ و توێژە لە ئازیزانمان دەڵێن "گەنج"؛ یانی گەنجی نیشتمان، یانی سامانی وڵات ئەو کوڕ و کچە ئازیزانەن لە تەنشتی ئێمەدا دەژین، نەک ئەوەی ها لە ژێر خاک و بەردا و خەڵک بەنێوی خەزێنە بە شوێنیدا وێڵ و وەیلانن.

▪️جا پرسیار ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە و ئەوانەی کە دەبێت لە ئاستی پاراستنی ئارامی، سڵامەتی، سەربەرزی و سەرکەوتنی تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەتایبەت گەنجان تێ بکۆشن و ئەوەی لە دەستیان دێت دەبێ بیکەن، ئایا کردویانە یا نا؟ ئایا بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرامبەر خودا و گەل و نیشتمان جێبەجێ کردوە؟

▪️من بۆ خۆم دڵنیام ئەگەر مامۆستایانی ئایینی و فێرگە و زانکۆکان، ئەگەر کۆمەڵناس و دەرونناس و یاساناسەکان، ئەگەر دوکتۆر و پزیشک و پسپۆڕانی خۆراک و دەرمان، ئەگەر نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیران لە بواری پاراستنی گەنجان و ژیانەوەی دواڕۆژیان هەنگاوی ئەرێنیان هەڵبگرتبا، ئێستا وامان لێ نەدەهات کە هەر چرکەیەک ماڵێکمان و هەر کاژێرێک بنەماڵەێەکمان و هەر ڕۆژ گۆند و شارێکمان و هەر هەفتە ناوچەیه کەمان و بگرە گشتی نیشتمان داغدار بێت.

▪️زۆر بەداخەوە کە ڕۆژ نییە هەواڵی کۆچی دوایی نەک یەک نەفەر، بگرە چەند کەس لە خزم و کەس و هاوشاری و هاوزمانەکانمان نەبیستین و نەبینین و دڵ و جەرگمان ژان نەیسووتێنێت، کەچی وامان لێهاتوە ئەم هەواڵ و مەینەتیانە بە ئاسایی دەزانین و بگرە چاوەڕیی دوخی لەمە خراپتریچ دەکەین.

پرسیار ئەوەیە تا چەند سال لەمەوبەر کاممان بیری ئەوەمان دەکرد کە مناڵەکانمان هەر بە گەنجی شێرپەنجە بگرن و جەلتەی دڵ و مێشک وەک خەزانی پاییز هەڵیان وەرێنێت؟ کێمان دەهات بە مێشکیا کە بە ماشینی خۆمان ئیزرایل بە قەرەوێڵ بۆ مناڵمان تەیار کەین؟ یانژی کاممان لە خەونیچ ئەوەمان دەدیت کە ئازیزانی ئێمە کە دەبوایا بە ژیانێکی پڕ لە ئارامی و دڵخۆشی بژین، لە ڕێگەی بژێوێکی بەناو کوڵبەری دڵۆپ دڵۆپ خوێنیان بەسەر زەویی بڕژێت و کەسیش خۆی نەکا بە خاوەنی گیانی هەڵوەریویان.

▪️جا برایان و خۆشکانی بەهەست و نیشتمانپەروەر، وەک ئەحمەد موختاری جاف دەڵێ "لە خەو هەستن مللەتی کورد خەو زەرتانە"، تکایە با هەموومان لە جیاتی خەمساردی لە ئاستی ئەم کارەساتە دڵتەزێنانە، ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ بەرگری لە سڵامەتی و سەربەرزی دواڕۆژی باشتری گەنجانمان درێغی نەکەین. تکایە بۆ خاتری خوا و پێغەمبەر و هەر کەس و شتێک پیرۆزە لە لاتان با لەمە زیاتر خۆمان لە ئاستی ئەم ماڵوێرانی و ڕەنجەڕۆییە کەڕ و کوێر نەکەین.

▪️دڵنیام گەر لەسەر ئەم ڕەوتە بین و هیچ هەنگاوێکی خێرا هەڵنەگرین، بە داخێکی زۆرەوە ئەو خەم و حەسرەتە کە ئێستا ها لە سەی دڵی دایک و باوک و خۆشک و برا و ژن و مناڵی ئەم گەنجانە، بەرۆکی گشت بنەماڵەکانمان دەگرێت و ئەو کات ئاخ و کەسەر و ناڵە و قوڕپێوان هیچ دەردێکمان لێ دەوا ناکات.

▪️هیوادارم بە زووترین کات ڕابچڵەکێن و بە ئەزموون وەرگرتن لەم کارەساتە ناخ هەژێنانە، هەنگاویی کردەیی بۆ گۆڕانی ئەم وەزعە بگرینە بەر و لەمە زیاتر شایەتی هەوری خەم و ماتەم بەسەر شار و وڵاتمان نەبین.

News Code 223999

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha