شەوێک لە ناو ماتەمی کەربەلایەکاندا

مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت لەوەی لەیادی شەهیدکردن و چلەی حسێنی کوڕی ئیمام عەلیدا دەیبینێت لەشارەکانی خوارووی عێراقدا، کە بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتری نێوان شارەکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا و شارەکانی دیکە، سەدان هەزار مرۆڤ بەپێ دەڕۆن بۆ بەشداریکردن لە چلەو یادکردنەوەی شەهیدکردنی ئیمامەکەیاندا.

بەدرێژای سەدان کیلۆمەتری ڕێگایەکی وشك و هەوایەکی گەرم، جێگایەکی خاڵی نابینیتەوە کە مێزێك دانەندرابێت و دەیان و سەدان کەس سەرەیان نەگرتبێت بۆ خواردن و خواردنەوە.
لەماوەی ئەو ڕێگایەدا هەزاران خێمەو چادر دەبینیت کە هەڵدراون بۆ ئەو کەسانەی کە بەپێ لەشارەکانی دیکەوە هاتوون، هەتا شەو لەژێر خێمەو چادرەکاندا بمێننەوە،
زۆری ژمارەی ئەوانەی کە بەپێ بەڕێدەکەون بۆ یادکردنەوەی شەهیکردنی ئیمامەکەیان، هێندە زۆرە کە ڕێگایەکی نیو کاتژمێری بۆ سەیارە، دەکاتە دوو بۆ سێ کاتژمێر.
لەو ڕێگایەدا هەزاران منداڵ و ئافرەت و کەسی بەتەمەن دەبینیت کە بەپێ ڕێدەکەن، بەبێ ئەوەی گوێ بە کەشی گەرم و ماندویەتی ڕێگاکە بدەن، بەبێ ئەوەی هەست بکەیت کە بێزاربن.
شەوێــک لە شاری کەربەلادا  کە ئێمە وەفدێک بووین لە هەرێمی کوردستانەوە بانگێشت کرابووین، بەجلوبەرگی کوردییەوە هەتا وەکو شەقامی نزیک شوێنی مانەوەمان ڕۆیشتم، بەدەگمەن کەسێكم دەبینی کە سەرنجم نەدا و سەیری جلوبەرگە کوردیەکەم نەکات، هەندێكیان وایان دەزانی جلوبەرگی پاکستانیە و هەندێکیشیان کە جلوبەرگەکەیان دەبینی، بە هێنانی ناوەکانی ""کاک مەسعود،  مام جەلال"" دەیان ویست بڵێن کە دەزانین خەڵکی هەرێمی کوردستانن، کە ئەوان زیاتر شیمالی پێ دەڵێن.
لەڕاستیدا لەم گەشتەدا بۆم دەرکەوت کە ئێمەی کورد چەندە خەم ساردین لەبەرانبەر هەموو بۆنە نەتەوایەتی و کلتوری و ئاینییەکانی خۆماندا، چەندە فەرامۆشمان کردوون، چەندە بەساردی و بچوکیەوە یادێکی ڕۆتینیان دەکەینەوە و بەمەش لەیادی نەوەی داهاتوو دا دەیان سڕینەوە و دەیان کەینە شتانێکی لاوەکی و بێ بەها.
بڕوانە ئەوان چۆن بۆنەکانی خۆیان بەرز ڕادەگرن،  هەزاران منداڵ بەشداری پێدەکەن، هەتا بیروباوەڕی ئاینییان لە هزردا بچەسپێنن، ملیۆنان کەس بەشدار دەبن، هەتا بوونی خۆیان بۆ خۆیان و بۆ جیهانیش بسەلمێنن.
هەتا بڵێن ئێمە سنورەکان ناناسین و کەربەلا ئەو پایتەختە ڕۆحیەیەکە لە ئێران و سوریا و پاکستان و لوبنان و چەندین وڵاتی دیکەشەوە ڕووی تێدەکەین و  کۆمان دەکاتەوە. 
هەرچەندە ڕێگاوبان و دۆخی شارەکانی خوارووی عیراقیش، نیشانەی گەندەڵی سیاسی و حیزب و بەرپرسەکانی ئەوێیە وەک ئەوەی کە لای خۆمان بوونی هەیە، بەڵام بەبوونی مەرجەعیەتێکی بەهێز  و خەڵکێکی دڵسۆز بۆ مەزهەب و بیروباوەڕەکەیان، سەختە سیاسیەکانی هەرێم یارییە سیاسیەکان لەو گەلەو بەغداش ببەنەوە.

News Code 223996

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha