بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "لە ساڵی ۲۰۱۸ـەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە ۵۰۰ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان و رزگاربووانی دەستی داعش پێشکێشکردووە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی فرەیی ئاینی و رەچەڵەک لە عێراق، هەوڵێکیشە بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگانە بۆ باشبوونەوە و خۆبونیادنانەوە".
بەپێی ئەو لینکەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر دایناوە، ئەو هاوکارییانە خۆیان لە بونیاندنانەوەی ژێرخان، دابین کردنی خزمەتگوزاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، دۆکیۆمێنتکردنی مەدەنی، پارێزگاری و ئاسانکردنی گەشەپێدانی تواناکان، دروست کردنی دەرفەتی کار بۆ یارمەتیدانی سەقامگیری و ئاوەدان کردنەوەی ناوچەکانی ڕزگاربوو لە دەستی داعش، دەبیننەوە.
ئەمریکا ۶۰ پرۆژەی بۆ ژێرخان لە شنگال بە بەهای ۱۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار دۆلار جێبەجێ کردووە، کە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و وێستگەکانی ئاو و سەنتەری رۆشنبیری و هی دیکە دەگرێتەوە، ۶۶ پڕۆژە و چالاکیشی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی گشتی لە شنگال هەبووە، جگە لە پشتیوانیکردنی ۹۰ قوتابخانە و ۳۲ بنکەی تەندروستی و فەرمانگەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، کشتوکاڵ و دێکیۆمێنت کردن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی.
جگە لەوە ۲۱ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار دۆلاری بۆ ژیان و نیشتەجێکردن و خزمەتگوزارییەکانی پتەویی کۆمەڵایەتی و باشبوونی ئێزدییەکان تەرخان کردووە.
۱۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار دۆلار و ۱۰۵ چالاکیی لەگەڵ ۴۷ هاوبەشی نێوخۆیی لە شنگال کردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەقامگیری و تێکەڵبوونەوە.
تەنیا لەم ساڵیشدا ئەمریکا ۱۱۴ ملیۆن دۆلار بۆ سەدان هەزار عێراقیی ئاوارە و بێ پشتوپەنا پێشکێش دەکات.
لە لینکەکەدا ناردنی قوتابیانی ئێزدی بۆ پرۆگرامەکانی کولتووری، فێرکردن و وەرگرتنی شارەزایی و پارەدارکردنی کردنەوەی مۆنیومێنتی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش هەیە.
جگە لەوە، ئەمریکا دوو ملیۆن و ۳۰۰ هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش لە شێخان خەرج کردووە.
Your Comment