ھەرکەسێک لە ھەر پلە و پۆستێکدا بێت ‌و یاساشکێنی بکات، ڕادەستی یاسا دەکرێت‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی په‌یامێكی‌ له‌باره‌ی‌ كوشتنی‌ "ئاری‌ چایچی‌" بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ھەرکەسێک لەھەر پلە و پۆستێکدا بێت ‌و یاساشکێنی بکات، یاخود ببێتەھۆی دروست کردنی پشێوی‌ و پاڵپشتی ھەر تاوانێک بکات، ڕادەستی یاسا دەکرێت‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌په‌یامه‌كه‌ی‌ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووه‌: "شەھید کردنی کاک ئاری تاوانێکی گەورەیە، دەبێت بکەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەن، داوا لە دەزگای ئاسایش دەکەم بە زووترین کات ئەنجامدەرانی تاوانەکە ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە تاوەکوو لەمەودوا ھیچ کەسێک جورئەت نەکات دەست بۆ ژیانی خەڵک ببات. ھاوکات ڕایدەگەیەنم دەبمە پارێزەری بنەماڵەی سەربەرزی کاکە ئاری تاوەکوو ئەم دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی خۆی بدات".

تاڵەبانی ده‌شڵێت: "سەرجەم دامەزراوە ئەمنی‌ و سەربازییەکان دڵنیا دەکەمەوە ھەرکەسێک لە ھەر پلە و پۆستێکدا بێت ‌و یاساشکێنی بکات، یاخود ببێتەھۆی دروست کردنی پشێوی‌ و پاڵپشتی ھەر تاوانێک بکات، ڕادەستی یاسا دەکرێت ‌و ھیچ لێخۆشبوونێک بۆ ئەو کەسانە نییە کە ژیان ‌و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەخەنە مەترسییەوە. دووپاتیشی دەکەینەوە ئەرکی کارمەندانی دامەزراوە سەربازی‌ و ئەمنییەکان، پاراستنی ژیانی خەڵک‌ و ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنانە، ھیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

شایانی باسە شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی ئاری کە پیشەی چایچی بوو، له‌لایه‌ن چه‌كدارێكی‌ هێزه‌كانی‌ كۆماندۆوه‌ ته‌قه‌ی‌ لێكرا و كوژرا. ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، تۆمەتباری ڕووداوەکە و کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بەتۆمەتی هاوکاریی بکوژەکە دەستگیر كراون.

News Code 223858

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha