۱۵۳ هەزار و ۹۹۸ بیانی کە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە حەج، دیپۆرت کرانەوە

بەشی جیهان- سعوودیە ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاته‌كه‌ زیاتر لە ۳۰۰ هەزار کەسیان لە مەککە دوورخستوه‌تەوە کە ناویان تۆمارنەکرابوو بۆ ئەنجامدانی حەج.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی سعوودیی (SPA) بڵاویکردوەتەوە: لە نێو ئەو کەسانەی لە ڕۆژانی کۆتاییدا لە مەککە دیپۆرت کراونەتەوە، ۱۵۳ هەزار و ۹۹۸ بیانی هەبوون، کە بە ڤیزای گەشتیاری لە جیاتی ڤیزای حەج چوونه‌ته‌ وڵاته‌كه‌وه‌.

هەروەها دەسەڵاتداران ۱۷۱ هەزار و ۵۸۷ کەسی دیکەیان دیپۆرتکردوەتەوە کە نیشتەجێی شانشینی سعوودیەن، بەڵام دانیشتوی شاری مەککە نین و مۆڵەتی حەجیان نییە.

زۆرێک لە ڕێگەی کەناڵە نافەرمیەکانەوە بەدوای وه‌رگرتنی ڤیزا و مۆڵه‌تی حه‌جه‌وه‌ن، چوونكه‌ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی و پاکێجی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراو بۆ حاجیانی هه‌ر وڵاتێک تەرخانكراوە.


لە هه‌فته‌ی ڕابردووەوە زیاتر لە ملیۆنێک و ۳۰۰ هەزار کەس گه‌یشتونه‌ته‌ سعوودیه‌ بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج، ئه‌وه‌ش بەگوێرەی ئاماری فه‌رمی وڵاته‌كه‌.

سه‌رپه‌رشتیكردن و بەڕێوەبردنی قەرەباڵغی نیگەرانییەکی گەورەیە لە وەرزی ساڵانەی حەجدا، لەماوەی دەیان ساڵدا لە وەرزی حەجدا چەندین ڕووداو ڕوویانداوە و بەهۆی لێدان لە کاتی بەردبارانکردن یان لە شوێنە تەنگەکاندا سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە، دوایینیان لە ساڵی ۲۰۱۵ بو، کە لە کاتی ڕێوڕەسمی بەردبارانکردن لە شاری مینا، پەلامارێک ڕوویدا و بووەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ۲۳۰۰ حاجی لە خراپترین کارەساتدا کە تا ئێستا لە وەرزی حەجدا ڕوویدابێت.

News Code 223633

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha