زیاتر لە ۱۰ هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بە ڤیزای گەشتیاریی چوونەتە سعوودییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستە نزیکەی ۲۰ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە بێسەروشوێن بوونە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە تەلەفزیۆنی کوردستان۲۴ گوتی: چەندین جار بە هاووڵاتییانمان ڕاگەیاند گەشتکردن بۆ سعوودییە بە ڤیزای گەشتیاری مەترسییەکی زۆری هەیە، بەڵام بەداخەوە گوێی بە ڕێنماییەکانمان نەدرا و هاووڵاتییان لە سەرەتای گەشتنیان بۆ سعوودییە تووشی کێشە بوونەوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، باسی لەوە کرد، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو جیهان ڕۆژانە لەلایەن پۆلیسی سعوودییەوە دەگەڕێندرانەوە بۆ جەددە، کە لەوێدا ناچار پارەیەکی زۆریان دەدا تا بە پاس بچنەوە بۆ مەککە.

ئاماژەی بەوەدا، سعوودییاش ڕاگەیاندبوو ئەمساڵ ۵۰۰ هەزار کەس ئەوانەی کە ڤیزای گەشتیارییان هەبوو و لەگەڵ ئەوانەشی کە ڤیزای عەمرەیان هەبوو خۆیان گەیاندبووە کێوی عەرەفە کە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستببوو، بەم هۆیەوەش ۱۳ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.

ناوبراو ئاشکراشی کرد، تا ئێستە نزیکەی ۲۰ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە بێسەروشوێن بوونە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ و لەسەر هێڵە لەگەڵ سعوودییە بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنان.

كاروان ستوونی، دەڵێت: ئەم ساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەرکی تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان کەمبێتەوە، نزیکەی ۳ ملیار دیناری تەرخان کرد و پاڵپشتی پرۆسەکەی کرد تاوەکوو هاووڵاتیان بە شێوەیەکی ڕیک ئەرکەکانین ئەنجام بدەن، هەروەها ئەوانەی بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی سعوودییایان کرد بەشداریان لە هیچ پاکێجێکی حەج نەکرد، بۆیە ناچار بوون لەسەر شەقام و شوێنە گەرمەکانی نزیک کێوی عەرفە بمێننەوە.

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە ڤیزای یەک ساڵی سعوودییە سەردانی وڵاتەکەیان کردووە، ستوونی گوتی: زیاتر لە ۱۰ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بە ڤیزای یەک ساڵ و ڤیزای عومرە سەردانی سعوودییایان کردووە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، کە بەداخەوە گوێیان بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف نەدا.

هاوکات گوتیشی: ئەو هاووڵاتییانەی سەرجەم وڵاتان کە بە ڤیزای گەشتیاریی سەردانی سعوودییایان کردووە، بەداخەوە بینیمان ژمارەیەکی زۆریان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێنبوونە.

لەبارەی حاجییە ونبووەکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان و خزم و کەسوکاری حاجییەکان دەکەم هەر کەسێکیان لە سعوودیییە بێسەروشوینە با ئاگادارمان بکەنەوە.

News Code 223681

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha