۱۵ هەزار كەس لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی نافەرمی چوونەتە سعوودیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی كوردستانەوە ۴ هەزار و ۶۸۵ كەس لە ڕێگەی فەرمی گەشتی سعوودیەیان كردووە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، نزیكەی ۱۵ هەزار كەسیش بە رێگەی نافەرمی چوونەتە سعوودیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ژمارەی ئەو كەسانەی بە رێگەی فەرمی و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، چوار هەزار و ۶۸۵ كەس بوون، زۆرینەیان لە رێگەی ئاسمانی و بە فڕۆكە گەشتیان كردووە و بەشێكی كەمیش لە رێگەی وشكانی.

ناوبراو وتیشی، تیمێكی ۴۲ كەسیان پێكهێناوە بۆ سەرپەرشتی و چاودێریی حاجییان، هەروەها نزیكەی ۱۵ هەزار كەس بە رێگەی نایاسایی و لە رێگەی ڤیزاكانی "كەشتیاری" و "مجامەلە"ەوە سەفەریان كردووە، ئەوانەش هیچ پەیوەندییەكیان بە وەزارەتەكەی ئەوانەوە نەبووە.

وەزیری ئەوقاف لە بەشێكی دیكەی قسەكاندا باسی لەوەكرد، پێشتریش داوایان لە هاونیشتمانییان كرد جگە لە رێگەی فەرمی لە رێگای دیكەوە گەشتی حەج نەكەن، هەروەها نووسینگەكانیشیان ئاگادار كردووەتەوە بە رێگەی دیكە گەشتی حەج بۆ هاونیشتمانییان رێكنەخەن، ئەو رووداوانەی لە سعوودیە روویاندا و ئەو تیمەی پێكیانهێنابوو لەبری ئەوەی چاودێریی چوار هەزار كەس بكەن، سەرقاڵی بەدواداچوون بوون بۆ ئەوانی دیكە.

پشتیوان سادق ڕاشیگەیاند: "بەشێوەیەكی گشتی ۳۰ حاجی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەكێكیان بەرێگەی فەرمی رۆیشتووە و ۲۹ كەسەكەی دیكە بە رێگەی نافەرمی رۆیشتوون، هەموو هەوڵێكماندا لە رێگەی كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە بۆ دۆزینەوەیان و هەر ئەوەندەمان پێكرا، چونكە ژمارەكە زۆر بوون و لەتوانای ئێمەدا نەبوون، ئەوانەش كەسوكاری ئێمەن و بەدڵ لەگەڵیانبووین و هەموو هەوڵێكماندا خزمەتی ئەوانیش بكەین".

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان وتیشی، لە رێگەی داواكاری گشتی و نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و بازرگانی، لێكۆڵینەوەی یاسایی توند لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە بەڵێنیان بە خەڵك داوە ئاسانكارییان بۆ بكەن و پرۆسەی حەجیان بۆ ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە.

News Code 223709

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha